بوومەلەرزەکەی هەڵبژاردن تەنیا هەولێر و دهۆکی گرتەوە!

:: PM:09:04:10/11/2021 ‌
ئاراس رواندزی 

لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوو هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕیی یانەکانی کوردستان ئەنجام درا، لە سلێمانی دۆخەکە هیچ نەگۆڕاو و هەمان کەسانی پێشوو دەرچوونەوە، وەک ئەوەی کارەکتەرە سەرەکییەکانی ئەو یانانە، خاوەنی زۆرترین دەستکەوت و شانازی بووبن و بە دەنگپێدانەوەیان پاداشت کرابن!

 لە هەولێرو دهۆکیش گۆڕانکارییەکان وەک روودانی بوومەلەرزە بوون، ساڵانێکی دوورودرێژ بوو یانەکانی کوردستان لەلایەن کەسانێکەوە بەڕێوە دەبران، تەنانەت ئاوێنەش لە بینینی دەموچاویان بێزار ببوو، هۆشداریدان و هاوار و تووڕەیی میدیاکاران بە گشتی، ژینگەیەکی باشی دروست کرد، بۆ ئەوەی بەر لەم پڕۆسەیە ئیڕادە دروست بێت و گۆڕانکاریی بێتە کایەوە.

به‌هێزیی بوومەلەرزەکەی هەولێر 9 پلە بوو، بەهێزیی بوومەلەرزەکە گەورەترین گۆڕانکاری لە هەیکەلی کارگێڕیی تیپەکەی قەڵاو منارە دروستکرد، کۆمەڵێک گەنج و وەرزشکاری راستەقینە هاتنە پێش و توانیان زۆرینەی دەنگەکان ببەنەوە، وێڕای دەرچوونەوەی دکتۆر عەبدوڵڵاش، کە شازدە ساڵ سەرۆکایەتی یانەکەی کرد، بەڵام دواتر دەستی لەکار کێشایەوە، بەو هەنگاوەش دەستکەوتێکی تری خستە سەر کۆی ئەو شانازی و سەروەرییە زۆرانەی کە لە ماوەی رابەرایەتیکردنی یانەکە بەدەستی هێنا بوو.

ئێستا یانەکە کەوتە دەستی کۆمەڵێک لاوی وەرزشوان، کە بە کوڕی یانەکە ئەژمار دەکرێن، بە گوتەی خۆیان بەرنامەکانیان بە شێوەیەکە لە رووی داراییەوە دەتوانن پشت بە خۆیان ببەستن، بە بڕوای من، ئەوە یەکێکە لە پایە و فاکتەرە گرنگەکانی سەرکەوتن، بە مەرجێک توانای جێبەجێکردنیان هەبێ، چونکە لە ماوەی ساڵانی رابردوو گرفتی دارایی گەورەترین لەمپەری بەردەم بەرەوپێشچوونی یانەکە بووە.
 
لێرەدا دوو شت بەلای منەوە گرنگە، کە پێویستە دەستەی نوێ کاری لەسەر بکەن، شەفافیەتی دارایی، کە بەشێوەیەک ساڵانە خەرجی و داهاتەکان بخەنە ڕوو، هەروەها دانانی بناغەیەکی پتەو، ئەویش بە کردنەوەی فێرگە و ئەکادیمیای جۆراوجۆر، بەو مەرجەی ئەو کەسانەی بەڕێوەی دەبەن، ئەزمووندار و لێهاتوو بن، تاکە ترسی من لەو دەستەیە، ئیدارەدانە، چونکە تەواوی ئەندامانی دەرچوو ئەزموونیان تەنیا لە وەرزش هەیە، لێ شارەزایی لە کایەکە بێ هەبوونی ئەزموون لە بەڕێوەبردن، دوور نییە ریسەکە بکاتەوە بە خوری!

دهۆکیش بڕیاری گۆڕانکاریی دا، لەوێش گۆمەکە بە تەواوی شڵەقا و گۆڕانکاریی گەورە رووی دا، وێڕای گۆڕینی سەرۆک، هەردوو یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عیراق (خالید موشیر و جاسم حاجی)ـیش بوونە ئەندامی دەستەی کارگێڕی، ئەوەش خۆشحاڵی شەقامی وەرزشی ئەو شارەی لێ کەوتەوە.

لە سلێمانی شنەبا بوو ! ئەوەی لەم هەڵبژاردنە مایەی نیگەرانی و نیشانەی پرسیار بوو، چەقبەستووی دۆخی یانەکانی سلێمانی و روونەدانی هیچ گۆڕانکارییەک بوو لە شارێک، کە هەمیشە یاخییە و حەز بە نوێبوونەوە و گۆڕان دەکات! 
راستی، بە لامەوە سەیرە وەرزش لەو دەڤەرە ئازیزە لە پاشەکشەدایە، یانەی سلێمانیی دایک، کە دەبوو لە نایابی عێراق بێ، ئێسته‌ لە خولی پلە یه‌كی کوردستان یاریی دەکات! لە وەرزشەکانی تریش ئەو شارە خۆشەویستە بە گشتی ئاستی لە داکشاندایە، سەرانی یانەکانی تریش بە هەمان شێوە کارێکیان نەکردووە، کە شایستەی چەندبارە دانانەوە بن.

 من نیگەرانم کە گڕی ئەو شۆڕشە سپییە سلێمانیی نەگرتەوە، بۆیە پێویستە میدیاکارانی ئەو دەڤەرە سارد نەبنەوە و رژدتر بن و بە گوڕوتینێکی زیاتر، فشار لە دەسەڵاتدارانی ئەو شارە بکەن، چونکە روونە ئیڕادەی گۆڕانکاری بێ ئۆکەیی حزبی باڵادەست بەدی نایەت.

بە شێوەیەکی گشتی دەکرێ بڵێین ئەو هەڵبژاردنە مێژوویی بوو، چونکە دوای ئەو هەموو ساڵە، توانی لە هەندێ شوێن گۆڕانکاری ریشەیی بێنێتە کایەوە، لە هەمووشی گرنگتر دەرگه‌یەکی گەورەشی واڵا کرد، بۆ ئەوەی لە داهاتووی نزیکدا ئەو شۆڕشە سپییە پەل بهاوێژێت و تەواوی دامەزراوە وەرزشییەکانی تریش بگرێتەوە.



وشە - ئەرسەلان عەبدوڵا