راهێنه‌ری یانه‌ی ئاتلێتیك بیلباو دوای دۆڕانی تیپه‌كه‌ی به‌رانبه‌ر ریال مه‌درید، ده‌ڵێت تۆپی پێ دادپه‌روه‌ر نییه.
شه‌وی رابردوو له یارییه‌كی دواخراوی خولی ئیسپانیا، یانه‌ی ریال مه‌درید به گۆڵێكی بێ به‌رانبه‌ر له یانه‌ی ئاتلێتیك بیلباوی برده‌وه.
مارسێلینۆ گارسیا راهێنه‌ری ئاتلێتیك بیلباو گوتی: "باوه‌ڕ به‌م ئه‌نجامه ناكه‌م، تیپه‌كه‌مان یارییه‌كی زۆر باشی كرد، به‌ڵام تۆپی پێ هه‌ندێك جار سته‌مكاره".
یارییه‌كه دواخراوی گه‌ڕی نۆیه‌م بوو، له یاریگه‌ی سانتیاگۆ بێرنابێو كرا و كه‌ریم بنزێما گۆڵه‌كه‌ی تۆمار كرد.
مارسێلینۆ ده‌ڵێت: "تۆپی پێ سه‌راوژێره، به شێوه‌یه‌ك ئێمه یارییه‌كی باشمان كرد و هه‌لی زۆرمان ره‌خساند، به‌ڵام ریال مه‌درید هه‌لی كه‌می هه‌بوو، به‌ڵام براوه بوون".
گوتیشی: "شیكردنه‌وه‌ی یارییه‌كه ئاسانه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه چه‌ند یارییه‌كه ئێمه وامان به‌سه‌ر دێت، هیوام وایه به‌م زووانه شێوازی یاریكردنمان بگۆڕێت".
مارسێلینۆ ده‌ڵێت: "تا مردن له‌گه‌ڵ یاریزانانی تیپهكهمم، پێویسته به‌م ئاسته به‌رده‌وام بین، چونكه ئه‌م رێگه‌یه وامان لێ ده‌كات له قۆناغی دووه‌مدا به‌رهه‌ممان هه‌بێت".
ریال مه‌درید به‌م بردنه‌وه‌یه پارێزگاری له پله‌ی یه‌كه‌م كرد به 36 خاڵ، بیلباویش له پله‌ی هه‌شته‌مه و 20 خاڵی هه‌یه.