ئاراس حه‌سۆ میرخان ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان، له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ "وشه"، باس له گفتوگۆی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی عێراق ده‌كات و ده‌ڵێ، ڕۆڵی سه‌رۆك بارزانی بڕیارده‌ری هه‌موو بڕیاره‌كانه و هه‌موو پرسه‌كان یه‌كلا ده‌كاته‌وه. هه‌روه‌ها پێی وایه، ده‌بێ حكوومه‌تێك پێك بێت ڕێز له هه‌موو لایه‌نه براوه‌كان بگرێت.
درێژه‌كێشانی ئه‌م دۆخه‌ی ئێسته، چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی عێراق ده‌بێت؟
بێگومان درێژه‌كێشانی ئه‌م دۆخه كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر عێراق هه‌یه، رێخۆشكه‌ره بۆ ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی و به‌رده‌وامبوونی ئاڵۆزی و ناسه‌قامگیری له عێراقدا، دوێنی هه‌واڵی خۆشمان پێگه‌یشت كه دادگای فیدراڵی ددانی به ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن داناوه و بڕیاره‌كه په‌سند كراوه، ئه‌وه هه‌نگاوێكی گرنگ و ده‌ستوورییه تا ئێسته و ئومێد زۆره هه‌نگاوه‌كانی تریش به ده‌ستووری بڕۆن.
هاتنی شاندی چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی شیعه‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان و كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی، چیی له دۆخه‌كه ده‌گۆڕێت؟
ئێمه له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان نه‌چووینه‌ته ورده‌كارییه‌وه، ئه‌وانیش به‌هه‌مانشێوه، ئه‌وه‌ی باس كراوه ئه‌وه بووه كه ده‌بێ حكوومه‌تێك پێكبێت ڕێز له هه‌موو لایه‌نه براوه‌كان بگرێت، ئێمه پێمان وایه كه ده‌بێ شیعه خۆیان ناوماڵی خۆیان ڕێكبخه‌ن، ئێسته دادگای فیدراڵی بڕیاره‌كانی په‌سند كردووه، چاوه‌ڕێین یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مان بكرێت و دوای ئه‌وكاته گفتوگۆی فه‌رمی ده‌ست پێ ده‌كه‌ین، بزانین به فه‌رمی چ لایه‌نێك دێته راسپاردن بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت پێكبێت، ئێمه به‌ڕوونی پێمان گوتوون ده‌ستوه‌ردان له كێشه‌كانی نێوان ئێوه ناكه‌ین هه‌ر لایه‌نێك زیاتر له‌گه‌ڵ داخوازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بێت، ئێمه پشتیوانی له‌و لایه‌نه ده‌كه‌ین، به‌ڵام به‌گشتی ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ی تا ئێسته كراون زیاتر ڕاوێژكاری بوون.
بڕیاره نیچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا بكات، ئامانج له سه‌ردانه‌كه چییه؟
پێش ئه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌ردانی به‌غدا بكات، دانیشتنێك له نێوان یه‌كێتی و پارتی رێكده‌خرێت، ڕه‌نگه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تریش كۆبوونه‌وه بكرێ، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌رپه‌رشتی ئه‌و شانده ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان بكات بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت و ده‌مانه‌وێ كورد به یه‌كگرتوویی بچنه به‌غدا.
بڕیاره شاندی سه‌درییه‌كان سه‌ردانی كوردستان بكه‌ن؟
ئه‌وه یه‌كه‌م جار نییه سه‌درییه‌كان بێنه كوردستان و لای سه‌ركردایه‌تیی كورد، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وپێش هاتن، له داهاتوویشدا دێن و ئێمه‌ش سه‌ردانیان ده‌كه‌ین، پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵیان هه‌یه، شیعه دوو لایه‌نن، لایه‌نێك سه‌درییه‌كانن و لایه‌نه‌كه‌ی تر هاوئاهه‌نگییه، ئێمه له‌گه‌ڵ هه‌ردوولا له گفتوگۆداین، هه‌ر لایه‌نێك بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت بێته‌راسپاردن، رژدتر له‌گه‌ڵیان ده‌ست به گفتوگۆ ده‌كه‌ین، ئێمه پێشتریش له‌گه‌ڵ سه‌درییه‌كان لێكتێگه‌یشتنمان هه‌بووه و له زۆر خاڵدا هابه‌ش و كۆكین، داواكارییه‌كانی ئێمه باس كراوه، هێشتا به‌ڕوونی دیار نییه كه پشتگیریی كام لایه‌ن ده‌كه‌ین بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت.
له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران چۆن ریككه‌وتن ده‌كرێت؟
پۆستی سه‌رۆكی حكوومه‌ت به‌ركه‌وته‌ی شیعه‌كانه، ئه‌وان له ناو خۆیان ڕێكده‌كه‌ون كه كێ سه‌رۆكی حكوومه‌تی داهاتوو ده‌بێ، بۆیه هه‌ر كه‌سێك كه دژی كورد و مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان نه‌بێ، ئێمه پشتیوانی لێ ده‌كه‌ین، له‌باره‌ی سه‌رۆك كۆماریشه‌وه له دانیشتی داهاتوو له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێكده‌كه‌وین، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین له به‌غدا چی ده‌كه‌ین، پێشم وایه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ده‌گه‌ینه ڕێككه‌وتن.
كورد چی بكات بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌نگی له نێوان لایه‌نه‌كاندا ڕابگرێت؟
ئێمه به هه‌ردوولامان گوتووه نابینه به‌شێك كه لایه‌نگری لایه‌ك بكه‌ین و پشت له‌لایه‌كی تر بكه‌ین، ئێمه چاوه‌ڕێین شیعه خۆی له ناوخۆیدا ڕیككه‌وتن بكه‌ن، وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌م پێ دا چاوه‌ڕێ ده‌بین.
رۆڵی سه‌رۆك بارزانی له یه‌كلاكردنه‌وه‌ی گرفته‌كانی پۆسته‌كان چۆنه؟
ڕۆڵی سه‌رۆك بارزانی بڕیارده‌ری هه‌موو بڕیاره‌كانه و یه‌كلای ده‌كاته‌وه، به‌غدا و كوردستانیش ئه‌مه باش ده‌زانن كه سه‌رۆك بارزانی له‌م قۆناغه‌دا دووپات ده‌كاته‌وه ده‌بێ ناوماڵی كورد ڕێكبخرێ، بۆ ئه‌وه‌ی كورد به‌یه‌كگرتوویی بچنه‌وه بۆ به‌غدا و به‌هێزبن، له پێشینه‌ی ئه‌وه‌یه كورد ئه‌مجاره یه‌كده‌نگ بێت و له دوا دانیشتنیشدا له‌گه‌ڵ شاندی یه‌كێتی باسمان كردووه. له سه‌ردانه‌كه‌ی پافڵ تاڵه‌بانیش بۆ لای سه‌رۆك بارزانی، دووپات له‌وه كراوه‌ته‌وه كه ده‌بێ كورد یه‌كده‌نگ بێت و یه‌كێتیش هاوڕان، بۆیه هیوامان زۆره كورد ئه‌مجاره به‌یه‌ك به‌رنامه بچنه‌وه بۆ به‌غدا.
ده‌مه‌وێ پرسیار له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق بكه‌م، ئه‌مه‌یان چۆن ده‌بێ به بڕوای ئێوه؟
ماوه‌یه‌كی زۆره بڕیار دراوه كه هێزی شه‌ڕكه‌ری ئه‌مه‌ریكا له عێراق بكشێنه‌وه، به‌ڵام به‌گشتی ناكشێنه‌وه، به‌شێك له‌و هێزانه له عێراق و كوردستانیش ده‌مێننه‌وه وه‌ك هێزی ڕاوێژكاری و هێزی پشتیوانی، ئێمه به عێراق و هاوپه‌یمانانمان گوتووه كه بۆ ئه‌م قۆناغه پێویستیمان به ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانه، چونكه مه‌ترسیی داعش هه‌یه و مه‌ترسییه‌كانی تریش له به‌غدا به‌رده‌وامن.
له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی، بڕیاره كۆبوونه‌وه ئه‌نجام بدرێته‌وه؟
بێگومان دوای سه‌ری ساڵی نوێ، كۆبوونه‌وه‌ی تر ئه‌نجام ده‌درێت، بڕیار دراوه چه‌ند لیژنه‌یه‌ك پێكبێت بۆ ئه‌وه‌ی داواكاریی ئێمه له به‌رنامه‌ی كاردا بۆ به‌غدا ئاماده بكرێت، بڕیاره دوای سه‌ری ساڵ ده‌ستبه‌كار بن.
دیمانه‌ی/ شۆخان ڕه‌شید