ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا
"پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته بخوێنیته‌وه، ده‌مه‌وێت بزانیت منیش خۆم له ناو چوارچێوه‌كه‌دا ده‌بینم و خۆم جیاناكه‌مه‌وه".
رووداوه‌كانی ناو ئه‌م كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌ی (22ی شوباتی 2022) بۆ رۆبێرتۆ كارلۆس و پاتریك كلۆیڤێرت، دوو ئه‌ستێره ناوداره‌كه‌ی تۆپی پێ له هه‌ولێر له لایه‌ن كۆڕه‌كه‌وه رێكخرا، ئیتر بێ هیوای كردم له‌وه‌ی بگه‌مه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی رۆژنامه‌نووس و میدیاكارانی وه‌رزشی كوردستان پێش بكه‌ون و بگه‌نه ئاستێك، كه بابه‌ت و چیرۆكی رۆژنامه‌وانی باش بنووسن و دروست بكه‌ن، ئیتر ده‌زانم پێناچێت به ده‌یان ساڵی تر رۆژنامه‌نووسێكی پڕۆفێشناڵمان لێ هه‌ڵكه‌وێت، كه فێره بنه‌ماكانی پیشه‌كه و ئه‌ته‌كێتی كاره‌كه ببێت، به تایبه‌تی له رووماڵی كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كاندا.
جێی داخه تا ئێستا رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی له كوردستان هه‌وڵ نادات پێش بكه‌وێت، زمانێكی زیندووی دنیا فێر بێت، كه ئه‌مڕۆ زۆر پێویسته، (زۆرینه) نه عه‌ره‌بی ده‌زانن نه ئینگلیزی، ئه‌ته‌كێتی پرسیار كردن نازانن، هێشته نازانن خۆیان له زمانی موجامه‌له و پێداهه‌ڵگوتن دوور بخه‌نه‌وه "بۆی هه‌یه هه‌ندێك كه‌س و رۆژنامه‌نووسیش فێر بكرێن و داوایان لێ بكرێت له‌و بۆنانه‌دا خه‌ریكی پێداهه‌ڵگوتن بن و شته‌كان له قه‌باره‌ی خۆی گه‌وره‌تر بكه‌ن و خاوه‌ن بۆنه‌كه قه‌به بكه‌ن، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر له رووی ئایدیا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌وه هاوبه‌ش بن".
میدیاكاری ئێمه هێشتا نازانێ پرسیار بكات، ده خولهك روونكردنه‌وه به قسه‌كه‌ر ده‌دات، چه‌پكێك گوڵی له یه‌خه‌ی ده‌دات! ئینجا پرسیارێك ده‌كات، یان سێ پرسیار به‌سه‌ر یه‌كه‌وه ده‌كات و خۆیشی بیر ده‌چێته‌وه چی پرسیوه، زۆربه‌ی جاریش له چوارچێوه‌ی بابه‌ت ده‌چێته ده‌ره‌وه و پرسیارێك ده‌كات، كه ئاماده‌بووان ده‌بێت ئاره‌قه‌ی شه‌رمه‌زاری بكه‌ن، ده‌یان جاریش بینیومه كاكی رۆژنامه‌نووس پرسیاره‌كه‌ی ده‌كات و هێشتا وه‌ڵامه‌كه‌ی وه‌رنه‌گرتووه‌ته‌وه، ده‌ڕوات.
به‌شێكی زۆریان هێشتا له‌وه نه‌گه‌یشتوون هه‌ندێك پرسیار زۆر شه‌خسییه و نابێت بكرێن، یان ناكرێ له باره‌ی كه‌سێكی تره‌وه بۆ بابه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی یان كه‌سی، پرسیار له كه‌سێكی تر بكه‌ین، چونكه به‌رانبه‌ره‌كه‌ت وه‌ڵامت ناداته‌وه، یان به وه‌ڵامێكی بێ زانیاری به‌ڕێت ده‌كات.
هه‌روه‌ها شتێكی دیكه زۆر گرنگه، كه پێموایه هه‌مووان ده‌زانن، ته‌نیا گه‌مژه‌كان نه‌بن، ئه‌ویش پێش چوونت بۆ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی یان رووماڵێك، پێویسته سێرچێك بكه‌یت و هه‌ندێك زانیاری له باره‌ی بابه‌ته‌كه و كه‌سه‌كان پێوه‌ست به بابه‌ت و بۆنه‌كه په‌یدا بكه‌یت، ئاخر ناكرێت قسه‌كه‌ر بڵێ ئامانجمان له‌م كاره ئه‌م بابه‌ته‌یه، دوای تۆ بێیت بڵێت ئامانجمتان له‌م كاره چییه؟!
ئه‌وه‌ی من فێر بوومه و مومارهسهم كردووه، شتێكی ساده و ستاندارده، رۆژنامه‌نووس له كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیدا ده‌بێت پرسیار بكات و چاوه‌ڕێی وه‌ڵام بكات، نه‌ك روونكردنه‌وه بدات.
ئینجا غه‌ڵبه‌غه‌ڵب و گاڵته‌كردن و توانجلێدانیش له‌ولاوه بوه‌ستێ، كه‌س خۆی به كه‌س ناگۆڕێته‌وه، هه‌مووی پێی وایه له بی بی سی و سكای هاتووه‌ته‌وه، ئه‌و بێ ئهتهكێتییه زیاتر ئاستی ئێمه‌ی دابه‌زاندووه و وای كردووه كه‌سایه‌تی و دهزگهكانیش به چاوێكی سووك سه‌رنجمان بده‌ن.
شتێكی تر هه‌یه، كه پێم خۆشه باسی بكه‌م، له كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیدا هیچ مه‌رج نییه هه‌موو ئاماده‌بووان پرسیار بكه‌ن، زۆر جار تا سه‌ره‌ی تۆ دێت، پرسیاره‌كانی تۆ ده‌كرێن، یان وه‌ڵامت ده‌ستده‌كه‌وێت، ئیتر بۆ ده‌بێت بۆ ئیسپات وجود و خۆهه‌ڵكێشان هه‌ر ده‌بێت پرسیارێكی قۆڕ بكه‌یت و له ئاستی خۆت دابه‌زێنی، كه دڵنیام هیچ كات ئاستت به‌رز نه‌بووه و ناشبێت!
به حوكمی چه‌ند ساڵ كاركردنم، ئه‌گه‌ر ئێسته ئاستم باش بێت یان خراپ، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم زوو زوو شتی نوێ له ئه‌ته‌كێت و له ورده‌كاریی ئیشه‌كه فێر ده‌بم، بۆیه هیچ كات ناكرێ خۆت به "عیملاق" بزانی و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ت به نه‌زان.
به‌هۆی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا و كه‌ره‌سته‌كانی كاری میدیایی، هه‌روه‌ها هاتنه‌پێشی سۆشیال میدیا، ئه‌ركی رۆژنامه‌نووس و میدیاكاران زه‌حمه‌ت بووه له‌وه‌ی به هه‌واڵ و خێرایی رابگه‌ن، هه‌روه‌ها په‌له‌كردن وای كردووه شته‌كان به ساده‌یی و كرچوكاڵی بێنه بڵاوكردنه‌وه و هیچ جوانی و بابه‌تیبوون و تایبه‌تمه‌ندییه‌كی تێدا نه‌بینین، هه‌ر ئه‌مڕۆ نزیكه‌ی هه‌موو تی ڤی و ویبسایتهكان و په‌یجه‌كان، ڤیدیۆی جه‌لال په‌رێشانیان پێشان دا، كه له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ته‌علیقی كرد و بابه‌ته‌كه‌ش هیچ پێوه‌ندیی به كۆنگره‌كه نه‌بوو، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ی پرسیاریان كرد، له باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی پرسیاریان نه‌كرد، كه چۆن و كه‌ی ده‌كرێت و كێ به‌شداره و كێ سه‌رپه‌شتی ده‌كات.
كه‌سێك له كارلۆس و كلۆیڤێرتی نه‌پرسی، ئایا پێش هاتنتان بۆ هه‌ولێر، هیچ زانیارییتان هه‌بوو له‌سه‌ر شاره‌كه و خه‌ڵكه‌كه‌ی، كه‌س نه‌یپرسی ئایا ئێوه ده‌زانن كوردستان ناوچه‌یه‌كی جیاوازه له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانی تری عێراق، ده‌یان شتی تر، كه ده‌كرا ببنه هه‌واڵ و كه‌ره‌سته‌ی هه‌واڵیی زۆر گرنگ و سبه‌ی میدیا جیهانییه‌كان و ده‌زگه میدیاییه‌كانی كوردستان ببن به سه‌رچاوی گواستنه‌وه‌یان.
راستییه‌كه‌ی زۆر شت هه‌یه بمه‌وێت باسی بكه‌م، كه كه‌موكوڕی و خه‌وشی میدیاكار و رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشیی كوردستانه، به خۆشمه‌وه، كه هێشت ناتوانین چاكی بكه‌ین.
پێویسته ئه‌وه‌ش بڵێم، به‌شێكی ئه‌و پاشكه‌وتنه پێوه‌ندیی به خۆمانه‌وه هه‌یه، كه هه‌وڵی خۆپێشخستن ناده‌ین، ئه‌ویتر پێوه‌ندیی به لووتبه‌رزی هه‌ندێكمان و ناوبانگی دهزگهكانهوه هه‌یه، كه هه‌ندێكیان له ده‌زگه‌ی گه‌وره كار ده‌كه‌ن، به‌ڵام خۆیان "میدیاكاری بچووك"ن و به لۆگۆی كه‌ناڵه‌كانیان خۆیان هه‌ڵده‌كێشن و له شوێنان له پێشه‌وه داده‌نیشن، به‌شێكیشی بۆ بێ خاوه‌نیی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه ئه‌مڕۆ له هه‌موو رۆژێك زیاتر بێ خاوه‌نن و كه‌س له خه‌می پێشخستنی پیشه‌كه‌یاندا نییه.