د. محه‌مه‌د شوكری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان، دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه كاری وه‌به‌رهێنان له كوردستان، فراوانتر ده‌بێت و وه‌به‌رهێنان ده‌گه‌یه‌ننه ئیداره سه‌ربه‌خۆكان.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 13ی نیسان، ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كرده‌وه، د. محه‌مه‌د شوكری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رھێنان، له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌به‌رھێنانی ئیداره سه‌ربه‌خۆكانی ھه‌ڵه‌بجه و زاخۆ و سۆران كۆ بووه‌وه، تاوتوێی دۆخی وه‌به‌رھێنانی له‌و سنوورانه كردووه.
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان دووپاتی له گرنگیدان و پێشخستنی وه‌به‌رھێنان له سنووری ئیداره سه‌ربه‌خۆكان كرده‌وه
به‌گوێری راگه‌یه‌نراوه‌كه، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان دووپاتی له گرنگیدان و پێشخستنی وه‌به‌رھێنان له سنووری ئیداره سه‌ربه‌خۆكان كرده‌وه، داوای له به‌ڕێوه‌به‌ران كرد، ھانی وه‌به‌رھێنه‌ران بده‌ن و سه‌رنجیان رابكێشن بۆ ئه‌وه‌ی له سێكته‌ره جیاوازه‌كاندا وه‌به‌رھێنان بكه‌ن، به ئامانجی بووژانه‌وه‌ی بازاڕ و ره‌خساندنی ھه‌لی كار.
هه‌روه‌ها دووپات له‌وه‌یش كراوه‌ته‌وه كه ده‌سته‌ی وه‌به‌رھێنان له‌ڕێی به‌ڕێوه‌به‌راتییه‌كانی وه‌به‌رهێنانی پارێزگا و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان، سه‌تان هه‌لی وه‌به‌رھێنانی نوێی ئاماده كردووه و ته‌واوی ئاسانكارییان بۆ كردوون.
زاخۆ و سۆران، ساڵی ڕابردوو به بڕیاری مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان، بوونه ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ و ئێسته گرنگیی زۆریان پێ ده‌درێ. هاوكات وه‌به‌رهێنان بۆ ئه‌و سنوورانه گرنگیی زیاتری هه‌یه و گه‌شه‌سه‌ندنی زیاتر به‌خۆیانه‌وه ده‌بینن.