چۆن دەزانی كەسی بەرانبەرت درۆ دەكات؟

:: PM:06:40:08/05/2022 ‌

دەڵێن پەتی درۆ كورتە، هەیشە دەڵێت درۆ بێ دەسەڵاتە و هەمووان پێی دەوێرن، راستییەكەی كەسانێك چێژ لە درۆكردن دەبینن و بووەتە بەشێك لە كەسایەتی و ژیانیان، ئەوان تیایدا كارامەن، بەڵام چۆن دەزانیت بەرانبەرەكەت درۆ دەكات؟

دارین ستانتۆن، زانای دەروونناس بە ماڵپەڕی "سیلینگۆ"ی گوت، هەندێك گۆڕانكاری و نیشانە هەن ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە كەسی بەرانبەرت درۆ دەكات، لەوانە كەسی درۆزن هەوڵ دەدات زیاتر چاوەكانی بەكار بێنێت بۆ قەناعەت پێكردنی بەرانبەرەكەی، مرۆڤی ئاسایی 3 بۆ 5 چركە سەیری چاوی بەرانبەرەكەی دەكات، بەڵام كەسی درۆزن زیاتر.

روونی كردەوە، هەروەها تێكڕای چاوترووكان لای كەسی درۆزن زیاتر دەبێت، دوو بۆ سێ جار لە خولەكێك، كەسی درۆزن هەوڵ دەدات خۆی لەو كەسە دوور بخاتەوە كە درۆی بۆ دەكات، لەوانە بە دەست یان بە شتێكی تری وەك كووپی قاوە، كەسی درۆزن، بەتایبەتی سیاسییەكان، پەنا بۆ ستراتیجیەتی هەڵاتنی زمانی لە پرسیارەكان دەبەن و باسەكان دەگۆڕن، جیا لەوە ئەوان رارا دەبن و دەنگیان دەگۆڕێت، رەنگە بەرز ببێتەوە.

ئەو زانایە ئاماژە دەكات، نیشانەیەكی سەرەكیی درۆزن ئەوەیە بەر لە وەڵامدانەوە پرسیارەكە دووبارە دەكاتەوە، بۆ ئەوەی كاتی زیاتری بۆ برەخسێت بۆ ئامادەكردنی وەڵام، رەنگی رووخسار و دەموچاوی دەگۆڕێت، بەهۆی راڕایی و ئەو گوشارەی لە سەری دروست دەبێت، بۆیە خوێن لە دەموچاوی كەم دەبێتەوە و بێ رەنگ دەبێت.        



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل