لە قاچەكانتەوە بزانە كێشەی دڵت هەیە

:: PM:08:27:10/05/2022 ‌

ساڵانە سەتان هەزار كەس بەهۆی كێشەكانی دڵەوە گیان لە دەست دەدەن، دڵ ئەو ئەندامە گرنگەی لەشە كە لێدانی واتە ژیان و وەستانیشی واتە مردن، بۆیە تەندروستی دڵ لە خەمە سەركییەكانی توێژینەوە پزیشكییەكانە، لە خوارەوە چەند نیشانەیەك هەن لە قاچی مرۆڤ، رەنگە ئاماژە بن بۆ بوونی كێشە لە دڵ.   

*ئاوسانی پێ یان ژێرەوەی پێیەكان، واتە كۆبوونەوەی ئاو تیایاندا، ئاماژەیە بەوەی دڵ وەك پێویست خوێن ناجووڵێنێت و داخرانێك لە لوولەی خوێنی قاچ هەیە یان كێشەی دڵ هەیە، كە رەنگە نیشانەی تریشی لەگەڵدا بێت وەك هەناسەتەنگی، رەنگە ئاوسانی پێیەكان بەهۆی مەینی خوێن لە دەمارە قووڵەكانی قاچەوە بێت. 

*گرژبوونی بە ئازار، ئەگەر ئەو جۆرە گرژبوونەت لە پێ و راندا هەبێت، رەنگە نیشانەیەك بێت بۆ تەسكبوونەوەی لوولەكانی خوێن و لاوازیی سووڕی خوێن لە قاچەكاندا، ئەوەیش بەهۆی كۆبوونەوەی كۆلیسترۆڵ و خەپڵەكانی خوێن بە دیواری ناوەوەی لوولەكانی خوێن دروست دەبێت، دەكرێ مەترسیی تووشبوون بە نۆرەی دڵ زیاد بكەن، ئەگەر زیاتر پەرە بستێنن، سووڕی خوێن لە قاچەكان دەوەستێنن و مرۆڤ تووشی گانگرین دەبێت و پێویستە قاچەكە ببڕدرێتەوە.

*دروستبوونی گرێی ئۆسلەر لە پەنجەی پێ، گرێی بە ئازارن و ئاماژەن بۆ بوونی هەوكردن لە ژوورەكانی دڵ و لوولەكانی خوێندا، كە پەتایەكی بەكتریاییە و لە رێگەی خوێنەوە بڵاو دەبێتەوە و بە شوێنە لاوازەكانی دڵ دەنووسێت و زیانی گەورەی پێ دەگەینن، لەوانە بە دەمەوانەكانی دڵ.   

*رەنگداربوونی ژێرەوەی پێ، واتە دروستبوونی رەنگی قاوەیی یان سوور بە شێوەی پەڵە لە ژێرەوەی پێیەكان یان پەتای گانوای، نیشانەیەكی ترە بۆ بوونی هەوكردنی بەكتریایی لە ژوورەكانی دڵ یان لوولەكانی خوێن، ئازاری نییە و رەنگە كاتی بوێ بۆ نەمانی، گۆڕانی رەنگەكەیش بەهۆی بوونی پەتایەكی بەكتریاییە بووەتە هۆی داخرانی لوولەكانی خوێن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل