کێ باشترین رۆژنامەنووسی وه‌رزشییە؟!

:: PM:12:07:01/06/2022 ‌

ئاراس رواندزی


ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەند پەیج و ئەکاونتێک فێربوونە ناوی کۆمەڵێک شرۆڤەکار ریز دەکەن و زۆر بە سادە و ساکاری بە خوێنەر دەڵێن باشترین رۆژنامەنووس هەڵبژێرە، بێ ئەوەی هیچ پێوەرێکی زانستی لە دەستنیشانکردن و بەربژێرکردنی ئەو کەسایەتییانە بوونی هەبێ!
 
دیارە بوونی راپرسی و دیاریکردن و هەڵبژاردنی باشترین، کۆمەڵێک رێسا و یاسای تایبەتی هەیە، بۆیە من لە ماوەی تەمەنی کارکردنم لە میدیای وەرزشیدا، هەرگیز خۆم لە قەرەی ئەو بابەتە گەورە و هەستیارە نەداوە، چونکە دڵنیام بەهۆی ئەو شێوازە دەنگدانە نادروستەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پێڕەو دەکرێ، ناتوانرێ ئەنجامێکی دروست و کەسی شایستە هەڵبژێردرێ. 
 
بەداخەوە ساڵانێکە سۆشیال میدیا هاوشێوەی بازاڕی شێخەڵڵای هەولێر بووه‌تە ناوەندێکی بێ سانسۆر بۆ ساخکردنەوەی هەموو جۆرە کاڵایەک، لەو بازاڕەدا هەموو کەس دەتوانێ بزنسێک بنیات بنێ، لەم ناوەدا خاوەن کار ئازادە بابەتەکه‌ی هەر چۆنێک بێ و نرخی بۆ دیاری بکات و بیفرۆشێ، جا گرنگ نییە کوالێتی و نرخەکەی چۆنە! 

لەم ساڵانەی دواییدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کەسانێکی زۆر پەیدابوونە و خۆیان وەک رۆژنامەنووس دەناسێنن، بەهۆی لاوازیی ئاستی رۆشنبیریی تاک و کۆمەڵگە بە گشتی و جیانەکردنەوەی رۆژنامەنووس و عەریزەنووس، وای کردووە کەسانێک ببن بە پاڵەوان، بێ ئەوەی کاکی پاڵەوان تۆزقاڵێک لە ئەلف و بێی میدیا و ئەو بوارە فراوانە بزانێ!
 
لە یەکێک لە پەیجەکان بینیم وێنەی کۆمەڵێ شیکەرەوە داندرابوو، نووسرابوو کێ باشترین رۆژنامەنووسە؟!
 ئاخر تخوا کەی رەوایە تۆ شیکەرەوەیەک بە ناوی باشترین رۆژنامەنووس هەڵبژێریت! لە کاتێکدا ئەو بەڕێزانە بەشەکەیان لەگەڵ نووسەر، رۆژنامەنووس، پەیامنێر،  پێشکەشکار، کۆمێنتار و فۆتۆگرافەری وەرزشی جیاوازە، کە بەهۆی ئەو راپرسییە نادروستە مافی ئەوانیش پێشێل دەکرێ. 
 
ئاشکرایە میدیای وەرزشی لق و پۆپی زۆری لێدەبێتەوە، کە لە پەرەگرافی سەرەوە ئاماژەم پێیان کردووە، بۆیە ناشێ و نابێ تۆ راپرسییەک ئەنجامبدەی و لە نێویدا فۆتۆگرافەرێک، یا پێشکەشکارێک بە باشترین رۆژنامەنووس هەڵبژێری! یان نووسەرێکی وەرزشی لە تەک کۆمێنتار و شرۆڤەکار و پەیامنێرێک دابنێی و بڵێی باشترینیان هەڵبژێرە! بێ ئەوەی ئەرک و رۆڵی میدیایی ئەو بەشە جیاوازانە لە یەکتر جیا بکەیتەوە. 

دیارە لێرەدا من مەبەستم نییە بڵێم ناوبراوان کەسانی لێهاتوو نین، بە پێچەوانەوە لەو بەشانەی میدیا کەسانی زۆر شارەزا و لێزانمان هەن، لێ ناکرێ تۆ شرۆڤەکارێکی تۆپی پێ کە کایەکەی بەشێکە لە میدیای وەرزشی، بە باشترین رۆژنامەنووس هەڵبژێری، چونکە شرۆڤەکاری و رۆژنامەنووسی دوو کاری جیاوازن لە نێو جیهانی میدیای وەرزشیدا و ناکرێ وەک یەک پێناس یاخود ناودێر بکرێن. 

بەم بۆنەیەوە گەرەکمە ئاماژە بە هەڵوێستی لیژنەی رۆژنامەنووسانی وەرزشی کوردستانیش بکەم کە لە هەمبەر ئەو راپرسییانە و کۆی ئەو بێ سەرووبەرییەی  ئێسته‌ میدیای وەرزشی گرتووه‌تەوە، بێدەنگن! 

مەخابن ساڵانێکە لیژنە لە دۆخی متبووندایە، نازانم هۆکاری ئەو بێدەنگی و نائەکتیڤبوونەی چییە، لێ ئه‌گەر لیژنەکە چالاک بووایە، دەبوو هەموو ئەو راپرسی و رێزلێنانانە لە ژێر چەتری ئەواندا بووایە، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە سەرۆک و ئەندامانی ئەو لیژنەیە دوو قسە بۆ میدیاکان بکەن و هۆکارەکانی ئەو سستی و نائەکتیڤبوونە روون بکەنەوە، یان ئەوەتا لیژنەکە کارا بکەنەوە، یاخود شوێنەکە بۆ کەسانێکی دیکە جێ بهێڵن. 

کەوایە بۆ ئەوەی تووشی ئەو هەڵە کوشندانە نەبین و بێویژدانیش بەرانبەر بە تەواوی میدیاکاران نەکەین، باشترە هەر راپرسیەک لە چوارچێوەی بەشە جیاوازەکانی میدیا ئەنجام بدرێت، وەک کوردەواری دەڵێ "با دۆ و دۆشاو تێکەڵ نەکەین".



وشە - وشه‌