"ئاوێنەی نامەكان"، بریتییە لە 11 نامەی نووسەر و لێكۆڵەر پشكۆ نەجمەدین، ئەو نامانە كە گوزارشت لە باردۆخ و هەلومەرجی سیاسی ناوەڕاستی ساڵانی هەشتا تا ناوەڕاستی ساڵانی نەوەتەكانی سەتەی رابردوو دەكات.
لەبارەی كتێبەكەوە پشكۆ نەجمەدین بە "وشە"ی گوت، ئەو 11 نامە چەندان ئەوەندەی خۆیان شرۆڤە و راڤە و تێبینیم لەسەر نووسیوە، تەنیا نامەی سیاسی نین، بگرە نامەی ئەدەبیشی تیادایە، ئەو نامانە لە نێوان من و چەندان كەسایەتی سیاسی، كە هەندێكیان ئێستەیش لە ژیاندا ماون و بەرپرسن لەناو حكوومەت و یەكێتی نیشتیمانیدان، نامەیەكیشی تیادایە كە خوالێخۆشبوو مام جەلال بۆ منی نووسیوە و من وەڵامم داوەتەوە.
تەنیا نامەی سیاسی نین و نامەی ئەدەبیشی تیادایە
روونی كردەوە، ئەم نامانە لای هاوڕێم مامۆستا جەعفەر پارێزراو بووە، ئەوانەن كە لە بەرهەمەكەی خۆم "ئەزموون و یاد"دا جێگەیان نەبووەتەوە و ئێستە بڵاویان دەكەمەوە، مامۆستا جەعفەریش پێشەكییەكی كورت و بەواتای بۆ نووسیوە، پێم وابێت دەبێت بە بەشێك لە مێژووی سیاسی كورد.
نەجمەدین ئاماژەی كرد، "ئاوێنەی نامەكان"، لەلایەن كتێبخانەی هەژار موكریانی لە هەڵەبجەی شەهید چاپ بووە و بەم زووانە بڵاو دەكرێتەوە و دەكەوێتە بەر دیدی خوێنەران.
پشكۆ نەجمەدین نووسەر و شاعیر و لێكۆڵەری سیاسی و كۆمەڵایەتییە، ساڵی 1953 لە هەڵەبجە لەدایك بووە و دەرچووی كۆلێژی كشتوكاڵە لە زانكۆی سلێمانی، ئەندامی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە، لە ساڵی 1975 وە ئەندامی دامەزرێنەری "ئاڵای شۆڕش" بووە.
لە ساڵی 1989 دوای كارەساتی ئەنفال، چووەتە ئەوروپا و سێ ساڵ وەك مامۆستا و دوو ساڵ لە سەنتەرەكانی ئۆتیزم لە سوید كاری كردووە،25 كتێب و سەتان وتار و لێكۆڵێنەوەی لە بوارەكانی مێژوو و شیعر و تەسەوف و یادەوەری و لێكۆڵینەوەی سیاسی نووسیوە، خێزاندارە و تەنیا كوڕێكی تەمەن 18 ساڵی هەیە بەناوی رۆمان.
وشە/ ئاسان محەمەد