شوێنگرەوەی بەرهەم ساڵح كێیە؟

:: PM:07:25:02/07/2022 ‌

لە دوای تویتەكەی موقتەدا سەدر لەبارەی بەرهەم ساڵح و پەشیمانی لە پاڵپشتیكردنی بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق، لێرە و لەوێ باسی ئەوە دەكرێت كە تەنانەت چوارچێوەی هاوئاهەنگیش، كە هەوڵی پێكهێنانی حكوومەت دەدات، گەیشتووەتە قەناعەت بۆ نەهێشتنی ناڕەزایەتی رەوتی سەدر و پارتی دیموكراتی كوردستان، پێی وایە پێویستە یەكێتی كاندیدی سەركۆمار بگۆڕێت، بەڵام شوێنگرەوەكانی بەرهەم ساڵح كێن؟
لەم هەفتەیە یەكێتی و پارتی كۆبوونەوەی چڕ لەبارەی كاندیدی سەركۆمار دەكەن
وەفا محەمەد كەریم، ئەندامێكی پارتی ئاماژە دەكات كە یەكێتی نیشتمانیی كوردستان شوێنگرەوەی بۆ بەرهەم ساڵح هەیە، بەتایبەتی كە دەرگەی خۆكاندیدكردنی نوێ بۆ پۆستەكە لەناو پەرلەمان داخراوە، بۆیە شوێنگرەوەكان بریتین لە لەتیف رەشید، وەزیری پێشووتری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق، كە ئەگەرچی وەك سەربەخۆ خۆی كاندید كردووە، بەڵام كەسایەتییەكەی نزیكە لە هەمووان و لە یەكێتیش و دەكرێ ئەو دیاری بكرێت.

روونی كردەوە، هەروەها دادوەر رزگار محەمەد ئەمین، كە بەشداری لە دادگاییكردنی سەدام حوسێن كرد، ئەویش خۆی كاندید كردووە و دەكرێ وەك كاندیدی كورد بۆ پۆستی سەركۆمار دیاری بكرێت.

كەریم دووپاتی كردەووە، لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا كۆبوونەوەی چڕ بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی لە نێوان پارتی و یەكێتی دەكرێت، ئەگەریش هەیە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەست لە پاڵپشتیكردنی ساڵح هەڵبگرێت، بەهۆی نەیاری موقتەدا سەدر بۆی بەهۆی واژوونەكردنی یاسای بەتاوانناساندنی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیلدا.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل