چوار پارچه‌ به‌ردی شوێنه‌واری له‌ مووسڵ دۆزراونه‌ته‌وه‌ كه‌ بۆ ده‌وڵه‌تی ئه‌تابیكی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌

:: PM:03:40:07/07/2022 ‌
زانایه‌كی شوێنه‌وار له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا ئه‌مڕۆ رای گه‌یاندووه‌، له‌ كاتی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی مزگه‌وتێكی كۆن له‌ رۆژئاوای مووسڵ، چوار پارچه‌ به‌ردی شوێنه‌واری دۆزراونه‌ته‌وه‌ كه‌ مێژووه‌كه‌یان بۆ ده‌وڵه‌تی ئه‌تابیكی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، واته‌ بۆ ساڵی 1193 تا 1210.

پێگه‌ی "شه‌فه‌ق نیوز" ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م حه‌وتی ته‌مووز بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، زانای شوێنه‌وار ئه‌حمه‌د قاسم بۆ پێگه‌كه‌ رای گه‌یاندووه‌، كاتێك ویستراوه‌ مزگه‌وتی ئیمام موحسین له‌ گه‌ڕه‌گی شیفا له‌ رۆژئاوای مووسڵ نۆژه‌ن بكرێته‌وه‌، له‌ كاتی هه‌ڵكه‌ندندا چوار پارچه‌ به‌ردی شوێنه‌واری دۆزراونه‌ته‌وه‌. به‌پێی بۆچوونی شوێنه‌وارناسان، مێژووی ئه‌و به‌ردانه‌ بۆ ساڵی 589- 607 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، واته‌ ده‌كاته‌ ساڵی 1193 تا 1210.

به‌پێی بۆچوونی شوێنه‌وارناسان، ئه‌و مێژووه‌ مێژووی ده‌وڵه‌تی ئه‌تابیكییه‌، نووسینه‌كانی سه‌ر به‌رده‌كانیش ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات.

ئه‌و مزگه‌وته‌ وه‌ك شوێنه‌وارناسان باسی ده‌كه‌ن، له‌ سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی ئه‌تابیكی، قوتابخانه‌ بووه‌ به‌ناوی "مدرسه‌ النوریه‌" كه‌ بۆ سه‌رده‌می سه‌ده‌ی شه‌شه‌می كۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. به‌پێی سه‌رچاوه‌ مێژوویی و شوێنه‌واری، قوتابخانه‌ی ئه‌لنووریه‌ كاتی خۆی نووره‌دین كوڕی عزه‌دین دروستی كردووه‌، ئه‌و كه‌سه‌ یه‌ك له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئه‌تابیكی بووه‌.

له‌ ساڵی 2014 تا 2017 كاتێك رێكخراوی داعش پارێزگای نه‌ینه‌وای داگیر كرد و له‌ ناویدا شاری مووسڵ، سه‌رجه‌م شوێنه‌ شوێنه‌وارییه‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌ی وێران كرد، یان بردوونی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د