هاوڕێیەکی نزیکی ئەستێرەی پۆرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئاماژەیەکی لە بارەی ئهو یانەیهوه کرد، کە ئەو یاریزانە ئارەزووی ئهوه دهكات پێوهندییان پێوه بكات.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاوی كردهوه، هاوڕێی رۆناڵدۆ رۆژنامەنووس ئیدۆ ئەگوێری، تازە فۆڵۆوی هەژماری ئینستاگرامی یانهی چێڵسی له سۆشیاڵ میدیا کردووە.
لە کاتێکدا هێشته رۆژانی سەرەتایە بۆ قسەکردن لەسەر ئەم جووڵەیە، بهڵام ئەگوێری ئەزموونی هەیە لە پێشبینیکردنی جووڵهكانی رۆناڵدۆی هاوڕێی.
لە ساڵی 2018دا ئەگوێری هەواڵی خواستی رۆناڵدۆی بۆ جێهێشتنی یانەی ریال مەدرید راگەیاند، ئەمەش وای کرد هاندەران چاوەڕێی ئەوە بکەن ئەستێرە پۆرتوگالییەکە روو لە چێڵسی بکات، بهڵام دواتر چووه یانهی یوڤێنتوس.
پێشتر راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان رایانگەیاندبوو کە تۆد بۆیلی، خاوەنی نوێی یانەی چێڵسی ئارەزووی هێرشبەرە تەمەن 37 ساڵییەکە دەکات، هەروەها دەگوترێت مانگی رابردوو چاوی بە خۆرخی مێندێزی بریکاری رۆناڵدۆ کەوتووە و ناوی رۆناڵدۆی لە بەرنامەی کاردا بووە.
بە گوێرەی میدیاكانی بەریتانیا، رۆناڵدۆ رەتی دەكاتەوە تا هاوینی 2023 و كۆتایی گرێبەستەكەی لەگەڵ مانچێستهر یونایتد بەردەوام بێت، ئەمەش وەك ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە لاوازیی چالاكییەكانی كارگێڕیی یانەكەی لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی ئێسته و سەرنەكەوتنی تیپەكە بۆ چامپیۆنزلیگی وهرزی نوێ.