دوای زیاتر له ده‌یه‌یه‌ك ململانێ و جه‌نگ و وێرانكاری له سووریا ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دواجار ده‌ست له سووریا بۆ ڕووسیا و ئێران و ڕژێمی ئه‌سه‌د هه‌ڵده‌گرێ و جۆ بایدنی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌یش له‌میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و سعوودیه به تایبه‌تی دووپاتی له‌وه كردووه‌ته‌وه، كه واشنتن ده‌یه‌وێ كۆتایی به ته‌نگژه‌ی سووریا بهێنرێت و گۆڕه‌پانی سووریا بۆ ڕووسیا و ئێران چۆڵ بكات.
له‌میانه‌ی سه‌ردانه چوار ڕۆژییه‌كه‌ی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، جۆ بایدنی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له سه‌رجه‌م دیدار و كۆبوونه‌وه و قسه‌ی بۆ میدیاكان بۆ جارێكیش ناوی سووریای نه‌هێناوه، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه ئامانجی سه‌ردانه‌كه بریتی بوو له یه‌كخستنی ڕیزی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و چاره‌سه‌ركردنی كێشه گه‌وره‌كان و نه‌هێشتنی گرژی و ئاڵۆزییه‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵام په‌راوێزخستنی سووریا كه به‌شێكه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و تا ئێسته‌یش گرژی و ئاڵۆزی زۆری تێدایه، بووه‌ته جێگه‌ی پرسیار، كه بۆچی واشنتن سووریای په‌راوێزخستووه، له كاتێكدا بایدن هاتووه‌ته ناوچه‌كه تا دۆخی ناوچه‌كه هێور بكاته‌وه و گرژی و ناكۆكییه‌كان نه‌هێڵێت.
له‌وه‌یش گرنگتر ئه‌وه‌یه كه سووریا بووه‌ته شوێنی هه‌ژموونی تاران و مۆسكۆ، كه كۆبوونه‌وه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه و نزیكبوونه‌وه‌ی ئیسرائیل و وڵاتانی عه‌ره‌بیش بۆ ئه‌وه‌یه كه به‌رگری هاوبه‌ش بۆ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئێران به تایبه‌تی له ناوچه‌كه دروست بكه‌ن، به‌ڵام حكوومه‌تی بایدن به ته‌واوی ناوی سووریا له سیاسه‌تی نوێی خۆی سڕیوه‌ته‌وه و به هیچ شێوه‌یه‌كیش سه‌رۆك و وه‌زیر و به‌رپرسه باڵاكانی ئه‌مه‌ریكا باس له داهاتووی سووریا ناكه‌ن، له كاتێكدا باس له چاره‌سه‌ر و ڕوانینی ئه‌مه‌ریكا بۆ كۆتاییهێنان بۆ زۆربه‌ی گرژی و كێشه ئاڵۆزه‌كانی جیهان ده‌كه‌ن.
جۆ بایدن به‌ر له گه‌شته‌كه‌ی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش وتارێكی له ڕۆژنامه‌ی واشنتن پۆستی ئه‌مه‌ریكی بڵاو كرده‌وه و تێیدا به هیچ شێوه‌یه‌ك باسی له هه‌ڵوێستی واشنتن له‌باره‌ی داهاتووی سووریا نه‌كرد و ته‌نیا به كورتی باسی له هه‌وڵه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستان له سووریا كرد، له‌وه‌وه زیاتر جێی بایه‌خ و گرنگیپێدانی بایدن نه‌بووه و حكوومه‌ته‌كه‌یشی به‌هه‌مانشێوه مامه‌ڵه ده‌كه‌ن.
بێهه‌ڵوێستی بایدن له‌سه‌ر دۆسیه‌ی سووریایش له كاتێكدایه له كه‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردن جۆ بایدن به توندی ڕه‌خنه‌ی له دۆناڵد تره‌مپی ڕكابه‌ری ده‌كرد، كه هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر دۆسیه‌ی سووریا نه‌بووه و ده‌ستی له پشتیوانیكردنی كوردی هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكا به‌رداوه و ڕێ داوه كه توركیا هێرش بكاته سه‌ر كورده‌كان له سووریا و كۆمه‌ڵكوژییان بكات. بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوونانه‌ی بایدن له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردن دا له كاتێكدایه كه ئێسته توركیا هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كی كردووه، تا هێرشێكی تری داگیركاری بكاته سه‌ر كورده‌كان له سووریا، كه بایدن هاوشێوه‌ی تره‌مپ بێده‌نگی هه‌ڵبژاردووه و هه‌ڵوێستی توند و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی بۆ پاراستنی كوردی هاوه‌یمانی ئه‌مه‌ریكا ده‌رنه‌بڕیووه.
ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه ڕووسیا و ئێران هاوبه‌شایه‌تی كاری سه‌ربازی و سیاسی‌یان له سووریا بۆ پشتیوانیكردنی ڕژێمی ئه‌سه‌د فره‌وانتر ده‌كه‌ن و ده‌شیانه‌وێ ئه‌زموونی میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران له ئۆكراینایش زیندوو بكه‌نه‌وه و به هه‌موو تواناوه كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. بێهه‌ڵوێستی واشنتن و په‌راوێزخستنی سووریایش له‌لایه‌ن بایدنه‌وه، به ته‌واوی هاوپه‌یمانانی ئه‌مه‌ریكای له سووریا تووڕه و نیگه‌ران كردووه، چونكه تا ئێسته به‌شێكی زۆری خه‌ڵكی سووریا كه له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا ده‌ژین، هاوكات ئۆپۆزسیۆنی سووریایش چاویان له‌وه‌یه كه ئه‌مه‌ریكا هه‌نگاوی گه‌وره‌تر بهاوێژێ تا ئه‌سه‌د و ڕژێمه‌كه‌ی له ده‌سه‌ڵات دوور بخه‌نه‌وه.
گوته‌بێژێك به ناوی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی سووریا كه دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌ر به ئۆپۆزسیۆنی سووریایه له‌وباره‌وه بۆ ڕۆژنامه‌ی "واشنتن پۆست" دووپاتی له‌وه كردووه‌ته‌وه، كه ئه‌وان چاوه‌ڕوانیان ده‌كرد، له دیداری بایدن و سه‌رانی وڵاتانی كه‌نداو و عێراق و ئوردن و میسڕ به وردی باس له چاره‌سه‌ری ته‌نگژه‌ی سووریا و نه‌هێشتنی ئه‌سه‌د و ڕژیمه‌كه‌ی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سووریا بكریت، به‌ڵام به په‌راوێزخستنی ئه‌و دۆسیه‌یه و گرتنه‌به‌ری سیاسه‌ت و دیپلۆماسیه‌تی ئارام و له‌سه‌رخۆ دژی ڕژێمی به‌عس، یارمه‌تییه‌كی گه‌وره‌ی مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د و ڕژێمه‌كه‌ی له‌سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌ڵاتی سووریا ده‌ده‌ن.
هاوكات له ته‌ك بێهه‌ڵوێستی و بێده‌نگیشی، ئه‌مه‌ریكا له ڕێی یاسای قه‌یسه‌ره‌وه ژماره‌یه‌ك سزای زۆر و قورسی به‌سه‌ر سووریا سه‌پاندووه، كه نه‌ك ته‌نیا ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژێم، بگره ئه‌و ناوچانه‌ی له ژێر ده‌سه‌ڵاتی كورد و ئۆپۆزسیۆنی سووریایشدان ئه‌و یاسایه‌یان له‌سه‌ر جێبه‌جێ ده‌كرێت. ئه‌مه‌یش وه‌ك ئه‌وه وایه، كه ئه‌مه‌ریكا پلانی بۆ سووریا ئه‌وه بێت، كه ببێت به وڵاتێكی وێران و دیكتاتۆر و سه‌رچاوه‌ی تیرۆر و په‌نابه‌ر و ماده‌ی هۆشبه‌ر له
جیهان.