بەهۆی تەقەكردنەوە لە لۆس ئەنجیلۆس حەوت كەس دەبنە قوربانی

:: AM:09:17:25/07/2022 ‌
پۆلیسی لۆس ئەنجیلۆس رای گەیاندووە، بەهۆی تەقەكردن لە پێشانگەیەكی ئۆتۆمبێل، حەوت كەس بوونە قوربانی كە دوو لەوان گیانیان لە دەست داوە. پۆلیس ئەوە ئاشكرا نەكردووە ئایا تاوانبار گیراوە یان نا یاخۆ یان تەقەكردنەكە چی بووە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم 25ی تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، بەهۆی رووداوێكی تەقەكردن لە پێشانگەیەكی ئۆتۆمبێل لە شاری سان بیدرۆی سەربە لۆس ئەنجیلۆس، دوو كوژراو و پێنج برینداری لێ كەوتووە.

بریان هێمڤری كە گوتەبێژی پۆلیسی ناوچەكەیە رای گەیاندووە، رووداوەكە سەرلەبەیانیی زووی ئەمڕۆ بووە، ئەو پێشانگەیە تایبەتە بە ئۆتۆمبێلە كۆنەكان كە بەردەوام خەڵكێكی زۆری لێ كۆ دەبێتەوە.

هێمپری ئەوەشی گوت كە قوربانییەكان چواریان پیاو و سێیان ژنن، پیاوێك و ژنێك بەرلەوەی بۆ نەخۆشخانە بگوازرێنەوە، گیانیان لە دەست داوە، ئەوانی تر لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.

ئاماژەی بەوەش داوە كە تەمەنی قوربانییەكان لە 23 ساڵ تا 54 ساڵ دەبێت.

دواتریش گوتەبێژەكەی پۆلیس گوتی، جارێ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكرێ، لەبەرئەوە زانیاری لەبارەی هۆی رووداوەكەوە و كەسی تاوانبار ئاشكرا ناكرێ و لە دوای لێكۆڵینەوە زانیاریی زیاتر ئاشكرا دەكەین. 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د