لبنان لە دۆخی داڕووخانی ئابووریدا شاجوان هەڵدەبژێرێت

:: AM:09:46:25/07/2022 ‌
لبنان كە ئێستە هاووڵاتییان لە دۆخێكی زۆر ناهەمواری داراییدا دەژین و وڵاتەكە تووشی داڕووخانی ئابووری بووە. شەوی رابردوو ئاهەنگ بۆ شاجوانی ئەو وڵاتە لە بەیرووت بەڕێوە چوو، ئەوەی نازناوەكەی بردەوە، قوتابییەكی كۆلیژی راگەیاندن بووە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم 25ی تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، لبنان وێڕای ئەوەی كێشەی ئابووری و سیاسیشی هەیە و هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە لە دۆخێكی داراییدا زۆر ناهەمواردا ژیان بەسەر دەبەن. دوێنێ رێوڕەسمی هەڵبژاردنی شاجوانی لبنان بەڕێوە چوو. بۆ بردنەوەی شاجوان، شەوی رابردوو ئاهەنگێكی گەورە لە بەیرووت بەڕێوە چوو.

یاسەمینا زەیتوون ناوی ئەو شاجوانەی لبنانە كە ئەمساڵ نازناوەكەی بردەوە. ئەو قوتایی قۆناغی سێی كۆلیژی رۆژنامەوانی و راگەیاندنە لە زانكۆی "سەیدە لویزە" لە ناوچەی كەسرەوان. تەمەنی 20 ساڵە و لە شارۆكەی "كەفر شوبا" لە باشووری لبنان لە دایك بووە.

پێگەكە لەبارەی خەڵاتی بردنەوەی نازناوەكە ئاماژەی داوە، یاسەمینا بەهۆی بردنەوەی نازناوەكە، بڕی 100 هەزاری وەك خەڵات پێ دراوە كە ئێستە دۆلار لەو وڵاتەدا زۆر بەرز بووە. سێ ساڵ بەرلە ئێستە دۆلار بە هەزار و 500 لیرەی لبنانی بووە، كەچی ئێستە گەیشتووەتە 22 هەزار لیرە.

ماوەی سێ ساڵ بووە رێوڕەسمی شاجوانی لبنان بەڕێوە نەچوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا. ئەمساڵیش 17 كچی جوان كێبەركێی نازناوەكەیان دەكرد كە یاسەمینا زەیتوون بووە شاجوانی لبنان.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د