بڕیار لە چارەنووسی منداڵە زیرەكەكە درا

:: PM:04:20:26/07/2022 ‌
دوێنێ‌ پزیشێكی منداڵان لە سلێمانی رای گەیاند، منداڵێك تێستی IQ بۆ كراوە و دەركەوتووە مێشكی لە توانای خۆی زۆر بەهێزترە، بەڵام لە پەروەردەی سلێمانی هیچیان بۆ نەكردووە، ئەمڕۆ وەزیری پەروەردە بڕیاری دا شوێنێكی شیاو بۆ ئەو منداڵە دابین بكات.

دكتۆر كۆچەر عومەر پزیشكی پسپۆڕی منداڵان، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، منداڵێك پشكنینی IQ ی بۆ كراوە كە یەكێكە لە نەخۆشەكانم، تەمەنی تەنیا حەوت ساڵە و دەیان كتێبی خوێندووەتەوە، بۆیە پێویستە بببرێتە شوێنێكی باش بۆ خوێندن و گرنگی زیاتری پێ‌ بدرێ‌.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاو كراوەتەوە، ئەمڕۆ ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە پێوەندیی بە كەسوكاری ئەو منداڵە كردووە و بڕیاری داوە بینێرێت بۆ شوێنی باشی خوێندن.

وەزیری پەروەردە بڕیاری داوە، ئەو منداڵە بنێرێ‌ بۆ زانكۆی كامبریج لە سلێمانی كە سەرجەم قۆناغەكانی خوێندنی تێدایە.

پێشتر ئەو پزیشكەی پشكنینی بۆ كردبوو رای گەیاندبوو، ئەو منداڵە لە پێشانگەی نێودەوڵەتی كتێب یەك عارەبانە كتێبی كڕیبوو، هەرزوو هەمووی خوێندبووەوە، زیرەكییەكی لە ڕادەبەدەری هەیە و ئاستی زیرەكی 125% زیاتریشە.
 
باسی لەوەش كردووە، ئەو منداڵە پێویستی بە قوتابخانەی تایبەتە بۆ بڕینی قۆناغەكانی خوێندن بەشێوەی خێرا و بوونە ئەستێرەیەكی پرشنگداری بواری زانست، بەڵام كاتێك ناردمە پەروەردەی سلێمانی، بەداخەوە وەڵامیان داونەتەوە كە هیچ پڕۆژەیەكی وا نییە لە پەروەردەی كوردستاندا.
 



وشە - رامیار جەواد