به‌مشێوه‌یه‌ بزانه‌ كلاج خراپ بووه‌

:: AM:11:51:27/07/2022 ‌

یه‌كێك له‌ به‌شه‌ گرنگه‌كانی گێڕ بۆكس كلاجه‌ كه‌ راسته‌وخۆ پێوه‌ندی دروست ده‌كات له‌ نێوان گێڕ بۆكسه‌كه‌ و بزوێنه‌ردا، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك له‌ گێڕه‌وه‌ بۆ بزوێنه‌ر له‌ كاتی رۆیشتن و راگرتنی ئۆتۆمبێل، یا گۆڕینی گێڕه‌كه‌ له‌ كه‌مه‌وه‌ بۆ زیاد یان پێچه‌وانه‌. 

ئاراس ئه‌حمه‌د شاره‌زای بواری میكانیكی ئۆتۆمبێل، بۆ "وشه‌" گوتی، كلاج سیستمێكه‌ به‌كار دێ بۆ گه‌یاندن و دابڕاندنی جووڵه‌ له‌ بزوێنه‌ره‌وه‌ بۆ گێڕ بۆكس، له‌ ڕێی نووسان و دووركه‌وتنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ فلای ویلدا، هه‌ركاتێك ئه‌م سیستمه‌ كێشه‌ی تێكه‌وت، جووڵه‌ باش ناگوازرێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ هۆی نه‌ڕۆیشتنی ئۆتۆمبێله‌كه‌ و له‌كاركه‌وتنی.

ئه‌ی چۆن بزانین كلاج خراپ بووه‌ یان نا؟ له‌ وه‌ڵامدا گوتی، له‌ گێڕه‌كانی چوار و پێنجدا هه‌ستی پێ ده‌كه‌یت كه‌ پێ ده‌نێی به‌ به‌نزیندا، ئۆتۆمبێله‌كه‌ت ناڕوات، له‌به‌ر خلیسكانی یان نه‌مانی لێكخشاندن له‌گه‌ڵ فلای ویل یان كاتێ ده‌ست ده‌كه‌ی به‌ رۆیشتن، زۆر به‌ هێواشی ده‌كه‌وێته‌ جووڵه‌.

بەمشێوەیە پشکنین بۆ کلاجی ئۆتۆمبێل بکە

ئه‌م شاره‌زایه‌ گوتی، به‌مشێوه‌یه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ پشكنینی بۆ بكه‌ن، ئۆتۆمبێله‌كه‌ داده‌گیرسێنین و پێ ده‌نێین به‌ كلاجدا و ده‌یخه‌ینه‌ سه‌ر گێڕی دوو، هاند برێك ڕاده‌كێشین و ورده‌ ورده‌ پێ له‌ كلاج به‌ر ده‌ده‌ین، ده‌بێ بزوێنه‌ره‌كه‌ بكوژێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر كوژایه‌وه‌ یه‌كسه‌ر ئه‌وا كێشه‌ی نییه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ندێكی پێی چوو ئینجا كوژایه‌وه‌، ئه‌وه‌ لاواز بووه‌، ئه‌گه‌ر بزوێنه‌ریش نه‌كوژایه‌وه‌ مانای ته‌واو به‌ كه‌ڵك نه‌ماوه‌. 

ئه‌وه‌یشی گوت كه‌ دوو جۆری كلاج هه‌ن، هه‌ندێكیان شه‌فتن، ده‌توانی لێی نزیك بكه‌یته‌وه‌ دووباره‌ چاك بێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر نه‌سووتابێت، به‌ڵام هه‌یانه‌ هایدرۆلیكن ناتوانرێت ده‌ستكاری بكرێ.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان