به‌مه‌به‌ستى جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ى كۆكردنه‌وه‌ى سه‌گى به‌ڕه‌ڵا له‌هه‌رێمى كوردستان، داواى هاوكارى له‌لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره حكومی و حزبییه‌كان ده‌كرێت و سه‌رۆكى پارتێكى ژینگه‌ییش، ده‌ڵێت، "له‌ئێستادا 300 هه‌زار سه‌گى به‌ڕه‌ڵا له‌شار و شاره‌دێكان هه‌ن و مه‌ترسی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ژیانی هاووڵاتیان دروستكردووه، هاوكات هۆشداریش ده‌دا له‌كاتی كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان كاره‌ساتى مرۆیی لێده‌كه‌وێته‌وه".
ئەو به" وشه"ى راگه‌یاند: دواى ئه‌وه‌ى له‌ماوه‌ى رابردوودا، به‌مه‌به‌ستى كۆكردنه‌وه‌ى سه‌گى به‌ڕه‌ڵا له‌شار و شاره‌دێ و ناوچه جیاوازه‌كانى هه‌رێمى كوردستان خسته به‌رده‌مى لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانى حكومه‌ت، به‌ڵام هێشتا وه‌ڵامى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌مان نه‌دراوه‌ته‌وه.
ناوبراو گوتیشى، "به‌پێى ناوه‌ڕۆكى پڕۆژه‌كه چاره‌سه‌رى ئه‌و سه‌گه به‌ڕه‌ڵایانه ده‌كرێت كه ژماره‌یان 50 هه‌زاره و ئێستا زیادیكردووه بۆ 300 هه‌زار و هێشتا هاوكارى ماددى نه‌كراوین و رۆژانه‌ش هاوونیشتیمانیان ئێمه رووبه‌ڕوى هێرشى ئه‌و سه‌گانه ده‌بنه‌وه و تووشى زیانیان كردوون".
روونیشیكرده‌وه، "به‌پێى ئامارێك ته‌نیا له‌ماوه‌ى مانگى رابردوودا نزیكه‌ى 600 هێرشى سه‌گ بۆ سه‌ر هاووڵاتیان هه‌بووه و برینداركراون، بۆیه داواى هاوكاری له‌لایه‌نه په‌یوه‌نیداره حكومى و حزبیه‌كان ده‌كه‌ین تاوه‌كو ئه‌و كولفهیهى بۆ جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كه پێویسته بیگرنه ئه‌ستۆ".
جه‌ختیشیكرده‌وه: پێویسته چاره‌سه‌رى ئه‌م دیارده‌یه به‌زوویی بكرێت له‌پێناوى به‌رگرتن له‌هه‌ر كاره‌ستا و رووداوێك و كاره‌ساتێكى نه‌خوازراو بۆ مامۆستایان و قوتابیان و منداڵانى باخچه‌كانى ساوایان كاتێك ده‌وامى قوتابخانه‌كان ده‌كرێنه‌وه.
سه‌رۆكى پارتى سه‌وزى كوردستان، ئاشكراشیكرد، به‌پێى ئامارێك 300 هه‌زار سه‌گى بێلانه هه‌یه له‌سه‌نته‌رى هه‌ولێر و قه‌زاكانى 63 هه‌زار، له‌پارێزگاى سلێمانى 50 هه‌زار، له‌سه‌نته‌رى دهۆك و شاره‌دێ و شارۆكه‌كانى 42 هه‌زار و هه‌زار سه‌نته‌رى هه‌ڵه‌بجه و ده‌وروبه‌رى 27 هه‌زار و ئیداره‌ى راپه‌ڕین و ده‌روبه‌رى 45 هه‌زار گه‌رمیان و 51 هه‌زار و له‌سۆران 22 هه‌زار.
ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه بوونى سه‌تان هه‌زار سه‌گى به‌ڕه‌ڵا له‌هه‌رێمى كوردستان مه‌ترسى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر ژیانى هاووڵاتیان و منداڵان دروستكردووه و رووداوى نه‌خوازراوى لێكه‌وتۆته‌وه و چه‌ندین جار كه‌مپینى بۆ راگه‌یاندرا و داواى به‌په‌له چاره‌سه‌ركردنى ده‌كه‌ن.
وشه، رێبین پێنجوێنى