سەنتەرێكی ئۆتیزم لە كۆیە دەكرێتەوە

:: PM:07:39:01/08/2022 ‌
قامیقامی كۆیە رای گەیاند، لەلایەن وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە سەنتەرێكی ئۆتیزم لە كۆیە كراوەتەوە. 

كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بەرێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی كۆیەی بەسەر كردەوە  كە بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتەكە، ئامانج لەم سەردانە بۆ كردنەوەی سەنتەری ئۆتیزم لە شاری كۆیە كە یەكەمین جارە سەنتەری ئۆتیزم لەو سنوورە بكرێتەوە.

تاریق حەیدەری قایمقامی كۆیە، بۆ "وشە" گوتی، كردنەوەی ئەو سەنتەرە بۆ سنوورەكە گرنگە، چونكە تا ئێستە ژمارەیەكی زۆر منداڵی ئۆتیزم هەیە و هیچ سەنتەرێكیان نەبووە. 

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە سەنتەرەكە بە هاوكاری هیلال ئەحمەڕی عێراقی دەكرێتەوە.

لە ماوەی رابردوودا، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان رای گەیاندبوو كە پێویستە بە تەواوی خزمەتی منداڵانی ئۆتیزم بكرێت و سەنتەری پێشكەوتوویان لەناوچەكانی كوردستان بۆ بكرێتەوە. 
 
كۆیە/ باوەڕ كەریم 


وشە - وشه‌