ئۆپۆزسیۆن بۆ شكستی تاهه‌تایی.. یه‌كگرتوو: خۆمان ناهێنینه‌ ئاست نه‌وه‌ی نوێ

:: PM:03:52:03/08/2022 ‌
له‌ دوای ساڵی 2009 و دروستبوونی بزووتنه‌وه‌ گۆڕان و به‌شداری ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌ حكوومه‌تدا، چه‌ندان ره‌وتی تر دروست بوون و خۆیان وه‌ك ئۆپۆزسیۆن ناساند. هه‌رچه‌نده‌ گۆڕان پێی وایه‌ كه‌ ئه‌وان داهێنه‌ری ئۆپۆزسیۆن بوون له‌ كوردستان، به‌ڵام له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا نه‌وه‌ی نوێ پێی وایه‌ شوێنی گۆڕانی گرتووه‌وه‌.

به‌شێكی زۆر له‌ چاودێرانی سیاسی ده‌ڵێن، له‌ هه‌رێمی هیچ ره‌وتێكی ئۆپۆزسیۆن بوونی نییه‌، ته‌نانه‌ت ئێسته‌ ئه‌ندامانی ناو ئه‌و حزبانه‌ی خۆیان پێ ئۆپۆزسیۆنه‌ ده‌ڵێن، نه‌ك ره‌وت، به‌ڵكو سه‌ركرده‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆنیش له‌ كوردستاندا نییه‌. 

كادرانی نه‌وه‌ی نوێ به‌ ماڵبات ده‌رده‌چوون بۆ په‌رله‌مان
له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان، نه‌وه‌ی نوێ و كۆمه‌ڵی دادگه‌ری و یه‌كگرتووی ئیسلامی خۆیان وه‌ك ئۆپۆزسیۆن ناساندووه‌، به‌ڵام هه‌ر یه‌كێك له‌و هێزانه‌ به‌هۆی پێشهاتێكه‌وه‌ بوونه‌ته‌ ئۆپۆزسیۆن، بۆ نموونه‌ كۆمه‌ڵی دادگه‌ری به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شداری حكوومه‌تی پێ نه‌كرا، ناچار بوو ببێته‌ ئۆپۆزسیۆن، هه‌رچی نه‌وی نوێیشه‌ له‌ پێناو هێنانی كورسیی زیاتر، به‌ ناچاری ئۆپۆزسیۆنبوونی هه‌ڵبژاردووه‌. 

به‌ڵام سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان كه‌ پێی باش نه‌بوو ناوه‌كه‌ی بڵاو بكرێته‌وه‌، بۆ "وشه‌" ده‌ڵێ، یه‌كگرتووی ئیسلامی سیاسه‌تی خۆی بۆ ئۆپۆزسیۆنبوون هه‌یه‌ و خۆی ناهێنێته‌ ئاستی نه‌وه‌ی نوێ و ئه‌و هێزانه‌ی تر كه‌ خۆیان پێ ئۆپۆزسیۆنه‌.

سه‌ركرده‌كه‌ی ئه‌و حزبه‌ ئیسلامییه‌ باسی له‌وه‌ كرد، ئۆپۆزسیۆن له‌ كوردستان رێكخراو نییه‌ و هیچ پڕۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شیان نییه‌، له‌ كاتێكدا كاری ئۆپۆزسیۆن ته‌نیا قسه‌كردن و ره‌خنه‌گرتن نییه‌ و پێویسته‌ پڕۆژه‌ی چاره‌سه‌ریان هه‌بێت.

سه‌ركرده‌كه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی پێی وایه‌، ئه‌گه‌ر حزبه‌كه‌ی بیه‌وێ له‌ سۆشیال میدیادا ئۆپۆزسیۆن بێت "زۆر ئاسانه‌"، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ناوێت و "ده‌مانه‌وێ خاوه‌ن پڕۆژه‌ی خۆمان بین".

كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان كه‌ به‌ ناچاری بووه‌ به‌ ئۆپۆزسیۆن به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م حكوومه‌ته‌دا، به‌شداری كابینه‌كه‌ی پێ نه‌كرا، به‌ڵام ئێسته‌ نه‌ك حزبه‌كه‌ خاوه‌نی هیچ پڕۆژه‌یه‌كی گرنگ نییه‌، به‌ڵكو فراكسیۆنه‌كه‌یشیان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م خوله‌وه‌ ته‌نیا چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كیان پێشكه‌ش كردووه‌.

نه‌وه‌ی نوێ كه‌ دواین هێزه‌ له‌ كوردستاندا دروست بووه‌ و به‌ خۆیان ده‌ڵێن "ئۆپۆزسیۆنی راسته‌قینه‌". وه‌ك چاودێران ده‌ڵێن، جگه‌ له‌ هاشوهووشی فه‌یسبووك و راگه‌یاندنه‌یان، هیچی تریان نه‌بووه‌.

نه‌وه‌ی نه‌وێ له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا توانی ژماره‌ی كورسییه‌كانی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی عێراق به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر به‌رز بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌یش تا ئاستێكی زۆر غرووریی لای شاسوار عه‌بدولواحید و جووڵانه‌وه‌كه‌ زیاتر كرد.

له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا، په‌رله‌مانتارانی نه‌وه‌ی نوێ كه‌وتنه‌ هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌وه‌، كاتێك داوای ره‌تكردنه‌وه‌ی ئیمتیازیان ده‌كرد، به‌ڵام خۆیان ژێر به‌ژێر ئیمتیازی پله‌ تایبه‌ت و په‌رله‌مانتاریان وه‌رده‌گرت.

نه‌وه‌ی نوێ یه‌كێك له‌ خاڵه‌كانی كه‌ دژایه‌تی لایه‌نه‌كانی تری پێ ده‌كرد، ئه‌وه‌ بوو كه‌ حزبه‌كان له‌ یه‌ك ماڵبات پێكهاتوون، به‌ڵام زۆری پێ نه‌چوو نه‌ك نه‌وه‌ی نوێ، به‌ڵكو كادرانی نه‌وه‌ی نوێ به‌ ماڵبات ده‌رده‌چوون بۆ په‌رله‌مان كه‌ دیارترینیان "موژده‌ مه‌حموود و هاوسه‌ره‌كه‌یه‌تی یان كاوه‌ عه‌بدولقادر و خێزانه‌كه‌ی"، ئه‌وانه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئێسته‌ ئیمتیازی په‌رله‌مانتاری عێراق و كوردستان وه‌رده‌گرن، هاوكات هه‌ر كاتێكیان بوێ ده‌توانن له‌ كوردستان به‌ پاسپۆرته‌ دیپلۆماسییه‌كانیان بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌. 

ئێسته‌ كه‌ ئه‌و حزبه‌ بانگه‌شه‌ی خۆپێشاندان ده‌كات، به‌ڵام جگه‌ له‌وه‌ی هیچ به‌رنامه‌یه‌كی دیاریكراویان نییه‌، ده‌یانه‌وێ له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا ژماره‌یه‌كی تر له‌ خێزان ببه‌نه‌ په‌رله‌مان له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵك و تێكدانی كوردستان. 

به‌گوێره‌ی دواین لێدوانی سۆران عومه‌ر ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق/ كۆمه‌ڵ/ هیچ ره‌وتێكی ئۆپۆزسیۆن و سه‌ركرده‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌ كوردستاندا نییه‌، له‌ كاتێكدا كۆمه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنه‌ و عه‌لی باپیر خۆی به‌ سه‌ركرده‌ ده‌زانێ. ئه‌و قسه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئۆپۆزسیۆن متمانه‌یان به‌ یه‌كتر نه‌ماوه‌، له‌سه‌ر هیچ پڕۆژه‌یه‌كی دیاریكراویش نه‌بوون به‌ ئۆپۆزسیۆن. 




وشە - وشه‌