نه‌وت له‌ 20 رۆژی رابردوودا نزمترین نرخی تۆمار كرد

:: AM:09:34:04/08/2022 ‌
راگه‌یاندنی ئاماری فه‌رمانگه‌ی وزه‌ی ئه‌مه‌ریكا و كۆتاهاتنی كۆبوونه‌وه‌ی ئۆپێك، نرخی نه‌وتی كه‌م كرده‌وه‌ و گه‌یشته‌ نزمترین نرخ كه‌ له‌ 20 رۆژی رابردوو تۆمار كرابێت.

به‌گوێره‌ی dailyfx، دوێنێ چوارشه‌م نرخی نه‌وت له‌ سه‌رووی 100 دۆلار ده‌فرۆشرا، به‌ڵام دواتر رووی له‌ كه‌مبوونه‌وه‌ كرد و دابه‌زینه‌كه‌ش تا ئێسته‌ به‌رده‌وامه‌. ئێسته‌ نرخی نه‌وتی برێنت به‌ 96 دۆلار و 49 سه‌نت ده‌فرۆشرێت. هاوكاتی نه‌وتی تێكساسی ئه‌مه‌ریكاش به‌ 90 دۆلار و 60 سه‌نت ده‌فرۆشرێت.

شه‌وی رابردوو ئۆپێك پڵه‌س كۆ بووه‌وه‌ و ده‌ره‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش ئه‌وه‌بوو بۆ مانگی داهاتوو 100 هه‌زار به‌رمیل له‌ قه‌باره‌ی به‌رهه‌مهێنان به‌رز بكاته‌وه‌. چاودێرانی ئابووری ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌مزووانه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی رووسیا دابه‌زێت و پێیان وایه‌ هه‌ر له‌و ئاسته‌ی ئێسته‌یدا ده‌مێنێته‌وه‌.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ فه‌رمانگه‌ی وزه‌ی ئه‌مه‌ریكا بڵاوی كرده‌وه‌، له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا قه‌باره‌ی نه‌وتی كۆگاكراوی وڵاته‌كه‌ به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو هه‌ڵكشاوه‌ و ئه‌م هه‌واڵه‌ گرنگه‌ كه‌ كاریگه‌ری خستووه‌ته‌ سه‌ر بازاڕی نه‌وت و له‌ نرخه‌كه‌ی كه‌م كردووه‌ته‌وه‌.

چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كرێت بازاڕه‌كان سستر ببن


له‌لایه‌كی تره‌وه‌ پێشبینی كراوه‌ به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی هه‌ڵاوسان له‌ ئه‌مه‌ریكا و زیادكردنی رێژه‌ی سوودی بانكی، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كرێت بازاڕه‌كان سستر ببن و كاریگه‌ری خراپ بخاته‌ سه‌ر گه‌شه‌ی ئابووری و ئه‌مه‌ش هۆكارێكی تره‌ له‌ دابه‌زاندنی نرخی نه‌وت.

له‌ رابردوودا یه‌كێك له‌ گرنگترین هۆكاره‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، پێوه‌ندی به‌ نیگه‌رانییه‌كانی بازاڕ بۆ دابینكردنی پێداویستی نه‌وت هه‌بووه‌. 

نرخی نه‌وت هێشتا به‌رزه‌ و گرنگترین هۆكاریش له‌ به‌رز هێشتنه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، بۆ جه‌نگی ئۆكراینا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ وایكردووه‌ ئاستی خستنه‌ڕووی نه‌وت كه‌م ببێته‌وه‌ و ئۆپیكیش نه‌یتوانیوه‌ یان حه‌زی نه‌كردووه‌ ئه‌و بۆشاییه‌ پڕ بكاته‌وه‌، له‌ دۆخێكیشدا كه‌ خستنه‌ڕوو له‌ خوارووی داخوازی بێت، ئه‌وا نرخی نه‌وت رووی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ ده‌كات.

 له‌وه‌ته‌ی 24ی شوباتی ئه‌مساڵه‌وه‌ كه‌ جه‌نگی ئۆكراینا ده‌ستی پێ كردووه‌، نرخی نه‌وت به‌رز بووه‌ته‌وه‌ و رووسیا به‌ یه‌كێك له‌ دابینكه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی نه‌وت و گاز له‌ دنیادا هه‌ژمار ده‌كرێت، بۆیه‌ ئه‌و سزایانه‌ی خراوه‌ته‌ سه‌ری وایكردووه‌، قه‌باره‌ی خستنه‌ڕووی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كاندا به‌راورد به‌ قه‌باره‌ی داخوازی، كه‌م بكات و نرخی نه‌وتیش به‌ نرخێكی به‌رز بفرۆشرێت.


وشە - سلێمان تاشان