توێژەران و مامۆستایانی زانکۆ داوای ئازادی کارکردنی ئەکادیمیی دەکەن

:: PM:08:54:04/08/2022 ‌
مامۆستایەكی زانكۆی سلێمانی دەڵێت، مەترسیی لەسەر ئازادی دەربڕین هەیە و ئێستە لەلایەن زیاتر لە 15 پەیج و ئەكاونتەوە هێرش دەكرێتە سەری. داوا دەكات لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەری و پەرلەمانی هەرێمی كوردستانەوە بە دواداچوون بۆ ئەو كارە بكرێ و لە دادگایشدا سكاڵای تۆمار كردووە. 

د.شوان ئادەم پسپۆڕی یاسا و رێسا پیشەییەكانی راگەیاندن لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەنامەیەكدا بۆ پەرلەمان و ئەنجوومەنی دادوەری رای گەیاندووە، داوا دەكەم لە دادگەی كەتنی دووی سلێمانی بەدواداچوون بۆ دۆسییەكەم بكەن كە وەك مامۆستای بابەتی یاسا و رێسا پیشەییەكانی راگەیاندن لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی؛ بەنووسراوی فەرمیی زانكۆی ھەڵەبجە كە ئاڕاستەی زانكۆكەی كردووە وەك پسپۆڕێك و بەشێوازی میوانداریی  بۆ گوتنەوەی وانەی ئیتیكی میدیا لە ساڵی خوێندنی 2020_2021 بانگهێشتكراوم.

زیاتر روونی كردووەتەوە، دوای سیسمتەرێك لە وانەگوتنەوە و لەپای دانانی پرسیاری تاقیكردنەوەكان بۆ خوێندكارانی قۆناغی دووەمی بەشی راگەیاندن لە كۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی ھەڵەبجە، لەلایەن نزیكەی 15 سایت و پەیجی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەمەبەست بەشێك لەناوەڕۆكی پرسیارەكانیان شێواند و بەیەك سیاغە لەگەڵ وێنەی كەسانی تردا كۆلاج و مۆنتاژیان كرد و وەك ھەواڵێك بڵاویان كردەوە. ھاوكات ناو و پێگەی "من" وەك مامۆستایەكی زانكۆ زڕاند و بەشێكی زۆر لە فۆڵۆوەرەكانیشیان بەبێ تێگەیشتن لە ناوەڕۆكی پرسیارەكان بەھۆی ھەواڵە مەبەستدار و ئاڕاستەكراوەكەوە كەوتنە سووكایەتییكردن بە بەندە و بەش و زانكۆی میوان، بەڵام سەرباری ئەوەیش لەبری ئەوەی من سكاڵایان لەسەر تۆماربكەم، كەسێك لە دەرەوەی زانكۆ و بەپاساوی دانەری پرسیارەكان سكاڵای تۆماركردووە.

ئەو جۆرە سكاڵایانە شێوازێكی نوێی پێشلكردنی زەقی مافی ئازادیی دەربڕین و فێركردنە
ئەو مامۆستایەی زانكۆ باسی ناوەڕۆكی ئەو سكاڵایەیشی كردووە كە لەسەری تۆمار كراوە و دەڵێ‌، بە گوێرەی سكاڵاكە، لە ناوەرۆكی پرسیارەكاندا ناوی فەرمانبەرێك لە وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالكراوان ھاتووە كە كاری نواندن دەكات و یەكێك لە رۆڵەكانی لە كورتەفلمێكدا بووەتە ھەواڵی میدیایەك. فەرمانبەرەكەی دەرەوەی زانكۆی ھەڵەبجە كە نە خوێندكارە و نە لەو زانكۆیە دەوام دەكات، سكاڵایەكی یاسایی بەپێی مادەی (433) لە یاسای سزاكانی عێراقی ساڵی 1969ی ھەمواركراو تۆماركردووە و ئێستە بەندە وەك مامۆستایەكی زانكۆ بە "تۆمەتی ناوزراندن"دادگایی دەكرێم و دانیشتنەكانی دادگاش درێژەیان هەیە.

ئەو پێی وایە، ئەو جۆرە سكاڵایانە شێوازێكی نوێی پێشلكردنی زەقی مافی ئازادیی دەربڕین و فێركردنە، بەوەی جارێكی تر "نەتوانین یان ناچار بكرێین كە نموونەی زیندوو بۆ تێگەیاندنی خوێندكارەكانمان نەھێنینەوە. واتە ئەگەر بۆ نموونە باسمان لە خەوشەكانی میدیاوان و میدیای كوردیی كرد؛ دەبێت نموونە لە میدیای سوودان و سۆماڵ بھێنینەوە نەك ھەرێمی كوردستان، ئەمەیش پێشھاتێكی مەترسییدارە لەسەر داھاتووی پرۆسەی پەروەردە و پێگەیاندنی نەوەی نوێ".

لەیەكی تر توێژەران و مامۆستایانی زانكۆكان، هەڵمەتێكیان دژی تۆمەتباركردن و دادگایكردن راگەیاندووە و لە بەیاننامەیەكدا دەڵێن، سنوورداركردنی ئازادییەكانی توێژەران و مامۆستایانی زانكۆ لە مافی دەربڕین و ھێنانەوەی نموونەی زیندوو لەھۆڵەكانی خوێندن و وانەگوتنەوە و پرسیاری تاقیكردنەوەكاندا بەھێڵی سووری كاركردنی پیشەیی و ئەكادیمیی خۆمان دەزانین. ھەر ھەوڵ و ھەنگاوێكیش لەو پێناوەدا درابێت و بدرێت؛ بەتووندی سەركۆنە و شەرمەزاری دەكەین و لە دژی دەوەستینەوە. 

باسیان لەوەیش كردووە، لەلایەن ھەندێك كەسایەتی سروشتیی و مەعنەوییەوە ھەڵمەتێكی ناڕەوای تۆمەتباركردن و ناوزڕاندنی مامۆستایانی زانكۆ دەستی پێ كردووە كە ئامانجی سەرەتا و كۆتایی لێی، سنوورداركردنی ماف و ئازادییەكانی مامۆستایان و توێژەرانە لەھێنانەوەی نموونەی زیندووی واقیعی كۆمەڵگەی كوردیی بۆ نێو پرسیاری تاقیكردنەوە.

نمونەیش بە كەیسی مامۆستاكەی زانكۆی سلێمانی دەهێننەوە و داوا دەكەن ئەنجوومەنی دادوەری رۆڵی خۆی ببینێ‌.



وشە - وشه‌