ناكۆكی و دابه‌شبوون و هه‌ڕه‌شه جارێكی تر له نێوان سه‌ركرده‌كانی په‌كه‌كه له قه‌ندیل و ڕۆژئاوای كوردستان دروستبووه‌ته‌وه و به گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش كێشه‌كانی نێوان قه‌ندیل و ڕۆژئاڤا به ته‌واوی قووڵبوونه‌ته‌وه، چونكه په‌كه‌كه ڕێگره له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتنه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان و دانوستاندنه‌كان به سه‌رپه‌رشتی ئه‌مه‌ریكا بۆ یه‌كخستنی ڕیزه‌كانی كورد له ڕۆژئاڤا و هیچ ده‌سه‌ڵات و توانایهكیشی نییه كه ڕێگری له هێرشی داگیركاری توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌كه بكات، بۆیه به‌شێكی زۆر له سه‌ركرده‌كانی هه‌سه‌ده گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه په‌كه‌كه ده‌یه‌وێ ڕۆژئاڤا و خۆبهڕێوهبهرییهكه بكاته قوربانی مانه‌وه‌ی قه‌ندیل و توركیا به هێرشكردنه سه‌ر ڕۆژئاوا قایل بكات، ته‌نیا له پێناوی ئه‌وه‌ی قه‌ندیل به سه‌لامه‌تی بمێنێته‌وه. به‌ڵام ئه‌و سه‌ركردانه‌ی هه‌سه‌ده و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆژئاڤا كه به‌مجۆره بیر ده‌كه‌نه‌وه، ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگ و كوشتن ده‌بنه‌وه، بۆیه ناچارن ڕۆژئاڤا جێ ده‌هێڵن و ڕوو له ئه‌وروپا ده‌كه‌ن، له پێناوی مانه‌وه له ژیان و نه‌بوون به قوربانی پیلانه‌كانی په‌كه‌كه بۆ له‌ناوبردنیان.
پێشتر هه‌ریه‌ك له سه‌ركرده‌كانی هه‌سه‌ده وه‌ك جوان ئیبراهیم و دوزدار حه‌مۆ و فه‌رهاد دێریك به‌هۆی وه‌ستانه‌وه به ڕووی په‌كه‌كه و هه‌وڵدان بۆ نه‌هێشتنی كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی قه‌ندیل به‌سه‌ر ڕۆژئاواوه كوژران و كۆتایی به ژیانیان هێنرا، ئه‌م پرۆسه‌ی كوشتنانهیش له‌لایه‌ن قه‌ندیله‌وه فه‌رمانی بۆ ده‌ركرابوو، بۆیه هه‌ر به‌رپرسێكی هه‌سه‌ده و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆژئاوا پێچه‌وانه‌ی په‌كه‌كه نه‌ك بجووڵێته‌وه، بگره بیریش بكاته‌وه و بۆچوونی خۆی ده‌رببڕێت، ئه‌وا له‌ناوی ده‌به‌ن و كۆتایی پێ ده‌هێنن، دواترین حاڵه‌تیش بریتییه له هه‌ڵاتنی پۆلات جانی به‌رپرسی پێوه‌ندی سه‌ربازی نێوان هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش له ڕۆژئاڤایه بۆ پاریس و داواكردنی پاراستنی ژیان و سه‌لامه‌تی بووه له پاریس، ئه‌مه‌یش دوای ئه‌وه دێت كه چه‌ندان جار به‌رپرسانی قه‌ندیل به فه‌رمی هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن‌یان لێ كردووه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان به‌ر له جێبه‌جێكردنی هه‌ڕه‌شه‌كان و هه‌وڵدان بۆ كوشتنی پۆلات جان، سه‌ركردایه‌تی په‌كه‌كه داوایان لێ كردووه كه سه‌ردانی قه‌ندیل بكات، به‌ڵام ئه‌و به‌ده‌م داواكارییه‌كه‌وه نه‌چووه، هۆكاری بانگهێشتنهكهیش دوای ئه‌وه بووه كه پۆلات جان په‌یماننامه‌یه‌كی واژووكردووه و به‌ڵێنی به هاوپه‌یمانان داوه كه هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خۆی بخاته‌گه‌ڕ، بۆ ئه‌وه‌ی چیتر ئاڵای په‌كه‌كه و وێنه‌ی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان له ڕۆژئاڤا به‌رز نه‌كرێته‌وه و بیانوو له‌و ڕێگه‌یه‌وه نه‌درێته ده‌ست توركیا بۆ ئه‌وه‌ی هێرشی تری داگیركاری بكاته سه‌ر ڕۆژئاڤای كوردستان.
له‌باره‌ی هۆی نه‌چوونیشی بۆ قه‌ندیل سه‌رچاوه‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه بانگهێشتنهكهی بۆ قه‌ندیل به ئامانجی لێكۆڵینه‌وه‌كردن له‌گه‌ڵی و سزادانی بووه، بۆیه پۆلات جان ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بووه كه چاره‌نووسی هاوشێوه‌ی جوان ئیبراهیم و دوزدار حه‌مۆ و فه‌رهاد دێریك و ئه‌وانی تر بێ و له‌ناوی ببه‌ن و كۆتایی به ژیانی بهێنن. پاش ڕه‌تكردنه‌وه‌ی چوونیشی بۆ قه‌ندیل، پۆلات جان له هه‌وڵێكی كوشتن ڕزگاری بووه و دوای ئه‌مه په‌نای بردووه‌ته به‌ر بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی فڕه‌نسا له ڕۆژهه‌ڵاتی فورات و داوای په‌نابه‌ری سیاسی له فڕه‌نسا كردووه، داواكه‌ی قبووڵكراوه و ده‌سبه‌جێ به فڕۆكه‌یه‌كی جه‌نگی بۆ ئوردن گوێزراوه‌ته‌وه و له‌وێوه‌یش به فڕۆكه‌ی مه‌ده‌نی گه‌یشتووه‌ته پاریسی پایته‌ختی فڕه‌نسا.
هه‌رچه‌نده تا ئێسته به فه‌رمی پۆلات جان جیابوونه‌وه‌ی له په‌یه‌ده و هه‌سه‌ده ڕانه‌گه‌یاندووه، به‌ڵام به‌سام حه‌جی مسته‌فا سیاسه‌تكار و شرۆڤه‌كاری كورد له سووریا له‌وباره‌وه بۆ ماڵپه‌ڕی "المدن" گوتی، به ڕوانین له مێژووی په‌كه‌كه و هه‌وڵه‌كانی بۆ كوشتن و له‌ناوبردنی سه‌ركرده جیابووه‌كان، به ته‌واوی ده‌گه‌ینه ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه پۆلات جان له په‌كه‌كه جیابووه‌ته‌وه و ڕیزه‌كانی ههسهدهیشی جێ هێشتووه، بۆ مانه‌وه‌ی به زیندوویی له ژیان.
زیاتر گوتی، له 2018 په‌كه‌كه یه‌كێك له دیارترین سه‌ركرده‌كانی خۆی له ڕۆژئاڤا به ناوی عومه‌ر عه‌لووش له‌ناوبرد، به‌هۆی جیاوازی بیركردنه‌وه و پابه‌ندنه‌بوون به بڕیاره‌كانی قه‌ندیله‌وه و پێشخستنی پاراستنی ڕۆژئاڤا به به‌راورد به قه‌ندیل، به‌مه‌یش چاره‌نووسی مه‌رگ و له‌ناوبردن بوو، به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌و سه‌ركردانه‌ی په‌كه‌كه‌یش كه پێچه‌وانه‌ی قه‌ندیل جووڵاونه‌ته‌وه، دوای له‌ناوبردنیان له‌لایه‌ن قه‌ندیله‌وه، هۆی كوشتن‌یان دراوه‌ته پاڵ توركیا و گوایه له ڕێی بۆردمانی فڕۆكه‌كانی توركیاوه كوژراون.
پۆلات جان به ده‌سته ڕاستی مه‌زڵووم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات هه‌ژمار ده‌كرێ و له 20ی ئادار/مارسی 1980 له كۆبانێ له دایكبووه و نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان بووه و دواتر بووه به سه‌ركرده له ڕیزه‌كانی یه‌په‌گه و پاشان پۆستی گوته‌بێژی فه‌رمی یه‌په‌گه‌ی وه‌رگرتووه، دوای پێكهێنانی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتیش بووه‌ته گه‌وره ڕاوێژكاری مه‌زڵووم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده و نوێنه‌ری هه‌سه‌ده له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش له عێراق و سووریا.