هه‌فته‌یه‌كی تر له بازاڕی بۆرسه داخرا، به‌ڵام نزمترین نرخی له‌وه‌ته‌ی ده‌ستپێكردنی جه‌نگی ئۆكراینا تۆمار كرد و له ماوه‌ی هه‌فته‌كه‌دا نزیكه‌ی 10 دۆلار له نرخی نه‌وت دابه‌زی.
به‌گوێره‌ی
dailyfx، نرخی نه‌وت له سه‌ره‌تای هه‌فته‌كه له سه‌رووی 104 دۆلار ده‌فرۆشرا، چه‌ند سه‌عاتێك له‌مه‌وبه‌ر به 94 دۆلار و 35 سه‌نت داخرا، ئه‌مه‌ش ئه‌و نرخه‌یه كه له نیوه‌ی دوومی مانگی شوباتی ئه‌مساڵ و دوو رۆژ به‌ر له ده‌ستپێكردنی جه‌نگی ئۆكراینا تۆمار كرابوو. هاوكاتی نه‌وتی تێكساسی ئه‌مه‌ریكاش به 88 دۆلار و 53 سه‌نت ده‌فرۆشرێت.
گرنگترین هۆكاری دابه‌زینی نرخی نه‌وت بۆ پێشبینی و نیگه‌رانیی ئابووریناسان بۆ زیاتر سستبوونی ئابووری جیهان ده‌گه‌ڕێته‌وه. رۆژی پێنجشه‌م بانكی ناوه‌ندیی به‌ریتانیا سوودی بانكی بۆ به‌رزترین رێژه له‌وه‌ته‌ی ساڵی 1995ه‌وه به‌رز كرده‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌ری ده‌خات ده‌بێ چاوه‌ڕوانی زیاتری پاشه‌كشه‌ی ئابووری و ئه‌و وڵاته ببین. پێشتریش ئه‌مه‌ریكا و چین هه‌مان سیاسه‌تیان گرتووه‌ته‌به‌ر. هۆكاره‌كه بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی هه‌ڵاوسان ده‌گه‌ڕێته‌وه.
هه‌فته‌ی رابردوو فه‌رمانگه‌ی وزه‌ی ئه‌مه‌ریكا بڵاوی كرده‌وه، قه‌باره‌ی نه‌وتی كۆگاكراوی وڵاته‌كه به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو هه‌ڵكشاوه و ئه‌م هه‌واڵه گرنگه‌ش كاریگه‌ری خسته سه‌ر بازاڕی نه‌وت و له نرخه‌كه‌ی كه‌م كرده‌وه.
هیچ كۆسپێك له به‌رده‌م یه‌كگرتنه‌وه‌دا نییه
له رابردوودا یه‌كێك له گرنگترین هۆكاره‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، پێوه‌ندی به نیگه‌رانییه‌كانی بازاڕ بۆ دابینكردنی پێداویستی نه‌وت هه‌بووه.
نرخی نه‌وت هێشتا به‌رزه و گرنگترین هۆكاریش له به‌رز هێشتنه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، بۆ جه‌نگی ئۆكراینا ده‌گه‌ڕێته‌وه كه وایكردووه ئاستی خستنه‌ڕووی نه‌وت كه‌م ببێته‌وه و ئۆپیكیش نه‌یتوانیوه یان حه‌زی نه‌كردووه ئه‌و بۆشاییه پڕ بكاته‌وه، له دۆخێكیشدا كه خستنه‌ڕوو له خوارووی داخوازی بێت، ئه‌وا نرخی نه‌وت رووی له به‌رزبوونه‌وه ده‌كات.
له‌وه‌ته‌ی 24ی شوباتی ئه‌مساڵه‌وه كه جه‌نگی ئۆكراینا ده‌ستی پێ كردووه، نرخی نه‌وت به‌رز بووه‌ته‌وه و رووسیا به یه‌كێك له دابینكه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی نه‌وت و گاز له دنیادا هه‌ژمار ده‌كرێت، بۆیه ئه‌و سزایانه‌ی خراوه‌ته سه‌ری وایكردووه، قه‌باره‌ی خستنه‌ڕووی نه‌وت له بازاڕه‌كاندا به‌راورد به قه‌باره‌ی داخوازی، كه‌م بكات و نرخی نه‌وتیش به نرخێكی به‌رز بفرۆشرێت.