ئاوڵەی مەیموون چۆن كار دەكاتە سەر چاوی مرۆڤ

:: PM:08:33:06/08/2022 ‌

ماوەیەكە لە راگەیاندنەكان باسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون دەكرێت، كە تا ئێستە چەند هەزار حاڵەتێكی تووشبوون لە دنیا تۆمار كراوە، نەخۆشییەكە ڤایرۆسییە و زیاتر لە ناو هاوڕەگەزبازانەوە بڵاوە، پزیشكێكی رووسی باسی مەترسییەكانی ئەو ڤایرۆسە بۆ سەر چاو دەكات.

د. ناتالیا بشینیچنایا، لە پەیمانگەی ناوەندی توێژینەوەی نەخۆشییە پەتاییەكان لە رووسیا دەڵێت، دوای تووشبوون بە ڤایرۆسەكە، ئەگەری هەیە كەسی تووشبوو وەك نیشانەیەكی درێژخایەن تووشی كێشەی چاوەكانی ببێتەوە، كاتێك دەبێتە هۆی هەوكردنی كۆرنیەم، كە كێشە بۆ بینین دروست دەكات و چاو كێم دەكات، لە كۆتادا كەسەكە بینایی لە دەست دەدات.  
رێكخراوی تەندروستی جیهانی:ئەگەری هەیە ئاوڵەی مەیموون مرۆڤ تووشی كوێری بكات
بەپێی داتای زانكۆی تەنتای میسریش، یەكێك لە 10 تووشبووی ئاوڵەی مەیموون تووشی كوێری دەبێت، یەكێك لە پێنج تووشبوو بە دەست ترسان لە رووناكییەوە دەناڵێنێت، سێیەكی تووشبووانیش تووشی هەوكردنی ناوپۆشی پێڵووی چاو دەبنەوە.

ستانیسلاڤ ئۆتستاڤنۆڤ، بەڕێوەبەری تاقیگەی شیكاری بۆ ئاماژەی تەندروستی دانیشتووان و چاودێری تەندروستی لە پەیمانگەی مۆسكۆ بۆ فیزیا و تەكنۆلۆجیا دەڵێت، رێكخراوی تەندروستی جیهانی دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە ئەگەری هەیە ئاوڵەی مەیموون مرۆڤ تووشی كوێری بكات، جیا لە ئەگەری تووشبوونی بە هەوكردنی مێشك و سییەكان و بۆری هەوا و ژەهراویبوونی خوێن.

هاوكات دوێنێ ناوەندی كۆنترۆلی نەخۆشییەكان و خۆپاراستن لێیان لە ئەمەریكا راپۆرتێكی دەركردووە و باسی چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی ئاوڵەی مەیموون دەكات، دەڵێت، زیاتر لە نێوان ئەو پیاوانە بڵاو دەبێتەوە كە لەگەڵ چەند پیاوێكی تر سێكسیان كردووە، واتە خولیای هاورەگەزبازیان هەیە و باسی رێنوێنییەكانی خۆپاراستنیان بۆ دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل