بۆ تەندروستیی ئێسكەكانتان بایەخ بەم خۆراكانە بدەن

:: AM:10:38:07/08/2022 ‌
ئەوانەی گەنجن و تا تەمەنێكی دیاریكراویش، ئێسكی جەستەیان بە بەهێزی و تەندروستییەكی زۆرباش دەمێنن، بەتایبەتی ئەوانەی بایەخی زیاتر بە وەرزش دەدەن، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی كات و بەسەرچوونی تەمەن، ئەگەر بایەخ بە تەندروستی نەدرێت، ئێسكەكانیش لە چالاكییەكاندا بەرەو كزی دەچن و لاواز دەبن، بەپێی هەندێك سەرچاوەی تەندروستی، هەندێك خۆراك هەن ئەگەر بایەخیان پێ بدرێت، ئێسك بە بەهێزی دەهێڵنەوە.

پێگەس "عەرەبیە" ئەمڕۆ یەكشەم حەوتی ئاب بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی راپۆرتێك كە پێگەی Eat this Not That بڵاوی كردووەتەوە، هەندێك خواردن و خواردنەوە هەن ئەگەر مرۆڤ لە تەمەنێكی بەسەرچوودا بایەخیان پێ بدات، ئێسكی جەستەی بە بەهێزی دەمێننەوە، بەتایبەتی ئەو خواردن و خواردنەوانەی زیاتر مادەی ئاسن لەخۆ دەگرن.

پێگەكە لە سەرووی ئەو خواردنەوانەی كە گرنگن بۆ بەهێزبوونی ئێسك، ئاماژە بە خواردنەوەی شیر دەدات، لە شیریشدا شیری مانگا بە گرنگترین شیر ناو دەبات، چونكە پڕە لە ڤیتامینی دی و كالسیۆم و پرۆتین.

ئاماژەی بەوەش داوە كە رەنگە كەسانێك هەبن نەتوانن شیری مانگا بخۆنەوە، لە بەرانبەر ئەوەیشدا دەتوانن شیری رووەك بخۆنەوە كە هەمان ڤیتامین و پرۆتینی تێدایە، وەك سۆیا و شۆفان و گوێزی هیندی و كاجۆ و بادەم.

هاوكات پێگەكە جێگرەوەی زیاتری بۆ تەندروستیی ئێسك باس كردووە، لەناویاندا باس لە سپێناخ دەكات كە گرنگییەكی زۆری بۆ بەهێزبوونی ئێسك هەیە، هاوكات هەموو ئەو رووەكانەی گەڵادارن، سەرجەم ئەوانە سەرچاوەیەكن بۆ كالسیۆم. باسی ئەوەش دەكات كە سپێناخ جیالە سوودی بۆ ئێسك، بۆ ئەو كەسانەی بەردی گورچیلەیان هەیە، زۆر بە سوودە.

دواتریش لەبارەی ئێسك و هێشتنەوەی بە بەهێزی، ئاماژەی بە خواردنی میوە داوە و لە ناویشیاندا خۆخ كە بۆ ئێسك بە شای سەرجەم میوەكانی دەناسێنێت. دەڵێ ئەگەر بتوانی رۆژنانە شەش تا 12 دەنك خۆخ بخۆیت، لە سەرجەم ئەو هەوكردنانە دوور دەكەوێتەوە كە تووشت دەبن، بەتایبەتی بۆ ئێسك. ئاوی پرتەقاڵیش میوەیەكی ترە كە نابێ لە خواردنەوەیدا فەرامۆشی بكەیت.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د