سەركردەیەكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی: باسی گۆڕینی سوودانیمان نەكردووە

:: PM:04:25:07/08/2022 ‌

دوای ئەوەی هەندێك لە راگەیاندنەكان ئەوەیان بڵاو كردەوە كە بە مەبەستی رازیكردنی موقتەدا سەدر بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە و رازیبوونی بە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری كشاندنەوەی محەمەد شیاع سوودانی، وەك كاندیدی سەرۆك وەزیران داوە، سەركردەیەكی چوارچێوەكە ئەو هەواڵە رەت دەكاتەوە.
جموجۆڵی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پێكهێنانی حكوومەت بەردەوامە
عەلی فەتلاوی، سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی رای گەیاند كە ئەو هەواڵانەی باسی ئەو بابەتە دەكەن راست نین و لە كۆبوونەوەكانی چوارچێوەدا پێشنیازی وا نەخراوەتە روو، روونی كردەوە، هێزەكانی ناو چوارچێوە باش دەزانن كە ئەگەر سوودانیش بگۆڕن، تەنگژەكە چارەسەر نابێت، چونكە رەوتی سەدر بەرهەڵستی بیرۆكەی پێكهێنانی هەر حكوومەتێك دەكات، بۆیە ئەو هێزانە دەستیان بە كاندیدی سەرۆك وەزیران گرتووە و جموجۆڵیان بۆ پێكهێنانی حكوومەت بەردەوامە.

دوێنێ سیاسەتوانێكی سەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە "سكای نیوز عەرەبی"، گوت، لە كۆبوونەوەی دوایی سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەر لە چەند رۆژێك، وا رێككەوتوون كە محەمەد شیاع سوودانی، كاندیدی چوارچێوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران بە كەسێكی تری قبووڵكراو بگۆڕن، ئەوەیش بۆ هەڵمژینی توڕەیی موقتەدا سەدر و لایەنگرانی، بەو پێیەی لە چەند رۆژی داهاتوودا كەسێكی تر كاندید بكرێت.
روونی كردەوە، بڕیارە سەرانی چوارچێوە داوا لە سوودانی بكەن كاندیدبوونی بكشێنێتەوە، بۆ ئەوەی لە حاڵەتی داواكردنی پاشەكشە ئەوان و سوودانیش نەكەونە هەڵوێستی نەخوازراو، جیا لەوە باسی ئەوەیش كراوە دەبێت حكوومەتی ئێستە و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانەكەی بگۆڕدرێن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل