دوای كشانەوەی رەوتی سەدر لە پەرلەمان، چاودێران ئاماژەیان كرد كە پاشەكشەی كردووە، بەڵام بۆ شەقام و بۆ ناو جەماوەر، رەوتی سەدر دەیەوێ رووبەڕووبوونەوەكە بخاتە نێوان شەقام و چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ئەوان بكاتە سێیەكی پەكخەر بۆ رێگرتن لە پێكهێنانی حكوومەت، بۆیە هەوڵ دەدات تشرینییەكانیش رابكێشێتەوە ناو شەقام.
سەرچاوەیەك لە بزاوی تشرینی ئاشكرای كرد كە موقتەدا سەدر، سەركردەی رەوتی سەدر پێوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ژمارەیەك چالاكی بزاوەكە كردووە بۆ پێوەندیكردنیان بەو مانگرتنەی لایەنگرانی لەناو ناوچەی سەوز دەستیان پێ كردووە، هاوكات چالاكانیش پێوەندەیان بە لیژنە حەوت كەسییەكەی رەوتی سەدر كردووە بۆ باسكردنی ئەو بابەتە.
لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران لە حكوومەتەكانی پێشوو و بكوژانی خۆپێشاندەران بكرێت
سەرچاوەكە گوتی، سەدر لە پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی كە حەوت خولەكی خایاندووە، گوتوویەتی، دەرگەی حەنانە، بارەگای سەدر لە نەجەف، لەبەردەم چالاكان لە هەر كاتێكدا بۆ گفتوگۆ كراوەیە، لەوانەیش لێپرسینەوە لە گەندەڵكار و بكوژان ئەگەر سەر بە رەوتی سەدریش بن، سەرچاوەكە روونی كردەوە، سەدر بەوانی گوتووە كە لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران لە حكوومەتەكانی پێشوو و بكوژانی خۆپێشاندەران بكرێت و رادەستی دادگا بكرێن.
وەك سەرچاوەكە دەڵێت، دوای تەلەفۆنەكەی سەدر، پێوەندی تری تەلەفۆنی لە نێوان چالاكان و لیژنە حەوت كەسییەكەی سەدر كراوە و دیداری راستەوخۆیان نەبووە، بۆیە ئەو بانگەشەی سەدر بۆ چالاكان ئێستە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و قبووڵ یان رەت نەكراوەتەوە.
ئەوە لەوكاتەی سەرچاوەیەك لە رەوتی سەدر ئاشكرای كردووە كە هاوئاهەنگییەكی پێشوەختە لە نێوان لیژنەی رێكخستنی مانگرتنەكان و ژمارەیەك لە چالاكانی نوێنەرایەتی بزاوی خۆپێشاندەرانی تشرین دەكەن، داواكاری تشرینییەكان رەوایە و لەگەڵ هی مانگرتووان جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە، هەموویان داوای لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران و بكوژی خۆپێشاندەران و گەلی عێراق و كۆتاهێنانی بە حكوومەتی بەشەبەشێنە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی تری پێشوەختە و پێكهێنانی حكوومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی دەكەن.
شایەنی باسە لە ماوەی دوایی دوایدا ئەوەی موقتەدا سەدر داوای پاڵپشتی هەمووانی لە شۆڕشەكەی رەوتەكەی دەستی پێ كردووە كرد، ژمارەیەك لە چالاكانی بزاوی تشرین داوایان لە موقتەدا سەدر كرد بەوەی مسۆگەری و گرەنتیان پێ بدات كە دوای هاتنیان بۆ ریزی مانگرتووان، پشتیان بەرنادات.