عێراق بەرەو دەوڵەتێكی شكستخواردوو.. تەنگژەی سیاسی بە بنبەست گەیشت

:: PM:05:48:08/08/2022 ‌

لە دوای 10ی تشرینی یەكەمی 2021ەوە تا ئێستە پرۆسەی سیاسی عێراق كەوتووەتە ناو داخران و چەقبەستووییەوە، هۆكارەكەیشی وەك دیارە بێ متمانەیی و ململانێی قووڵی ناو ماڵی شیعە، بەتایبەتی لە نێوان موقتەدا سەدر و نووری مالیكییە، چارەسەری تەنگژەی سیاسی لە عێراق خۆی لە دوو خاڵ دەبینێتەوە، سازانی سەدر و مالیكی، كە ئەستەمە، هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنێكی نوێ، واتە گەڕانەوەی بۆ سەرەتای یارییەكە، ئەوەیش كەس قبووڵ ناكات بۆیە هەر ئەستەمە، بۆیە دۆخەكە بێ چارەسەری درێژ دەكێشێت.

ئەمڕۆ لە زاری سەرچاوەیەك موقتەدا سەدر پەیامێكی گەیاندووەتە سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە، حكوومەتێكی نوێی عێراق بێ بەشداری دەوڵەتی یاسا و نووری مالیكی و رەوتی سەدر پێكبهێنرێت، تەمەنی حكوومەتەكە ساڵێك بێت و لەو ماوەیەدا ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنێكی پێشوەختە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی داهاتوو بكرێت، سەرۆكی حكوومەتەكەیش بە سازانی رەوتی سەدر و چوارچێوەدا دیاری بكرێت.
سەدرییەكان و چوارچێوە كۆكن لەسەر ئەوەی هیچ چارەسەرییەك بۆ تەنگژەكە نییە
بەپێی سەرچاوەكە تا ئێستە سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەڵامی سەدریان نەداوەتەوە، بەڵام ئەو هەواڵەی بەناوی سەرچاوەوە بڵاو كراوەتەوە، دیار نییە راستە یان بۆ پێوانەكردنی وەڵام و كاردانەوەی دۆخەكە و شەقام و سەدرییەكانە، یان بە پێچەوانەوەیە، بەڵام بە فەرمی رانەگەیندراوە.

هەفتەی رابردوو شەقامی عێراق پەرەسەندنێكی گەورەی بەخۆیەوە بینی، لایەنگرانی رەوتی سەدر هەڵیان كوتایە سەر ناوچەی سەوز و تەلاری پەرلەمانی عێراق و مانگرتنێكی كراوەیان تیادا راگەیاند و بەردەوامن، ئێستەیش رێورەسمی عاشوورایان بردووەتە ناو ناوچەی سەوز، وەك دەرخستنی هێز و دەسەڵاتیان بەسەر ناوەندی بڕیاردان و دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق، بەهۆی دابەزینی لایەنگرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش بۆ شەقام ئەگەری بەریەككەوتنی هەردوولا نزیك بوو، بەڵام لە كۆتای هەفتەكەدا دۆخەكە هێور بووەوە.

هادی عامری داوای لە سەدر كرد بە گفتوگۆ تەنگژەكە چارەسەر بكەن، سەرانی چوارچێوە عامریان سەرپشك كرد بۆ چوونە نەجەف و رێككەوتن لەگەڵ سەدر، هەینی رابردوویش جینین پلاسخارت، نوێنەری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە نەجەف لەگەڵ سەدر كۆ بووەوە، ئەو داوای كردووە گفتوگۆیەكی فرەوانی نیشتمانی بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ساز بكرێت، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لەگەڵ سەرانی چوارچێوەیش كۆ ببێتەوە، دوای ئەوە عامری و سەدر لە نەجەف چاویان بە یەك بكەوێت.

لەو ناوەدا پێ دەچێت هەموو هەوڵەكان بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە و رێككەوتنی لایەنە ناكۆكەكان بۆ گەیشتن بە چارەسەری بۆ تەنگژەی سیاسی و داخرانی سیاسی لە ناو بازنەیەكی بەتاڵ بخولێتەوە، چونكە چارەسەرییەكان دیارن و كەس دەستیان بۆ نابات و هەمووان خۆیان بە پێشنیاز و دەستپێشخەری لابەلا و دوور لە چارەسەری راستەقینەی دۆخەكە سەرقاڵ كردووە.

وەك دوایی هەڵوێستی موقتەدا سەدر داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنێكی نوێ كرد، ئەگەرچی دەزانێت كە هێزەكانی ناو پەرلەمان بەو پێشنیازەی رازی نابن، لە بەرانبەر ئەو مەرجانەی سەدر سەرانی چوارچێوە ئەو مەرجەی سەدریان راستەوخۆ رەت نەكردەوە، بەڵام بە پێكهێنانی حكوومەت و دروستبوونی كۆدەنگی و سازانیان بەستەوە، كە ماوەیەكی زۆری دەوێت و زەحمەتە بەم نزیكانە ئەوە دروست ببێت. 

بەپێی سەرچاوەكان پلاسخارت پاڵپشتی لە هەڵبژاردنێكی تر لە عێراق دەكات، بەڵام بە پێی رێككەوتنێكی سیاسی لەسەر وادە و یاساكە و لایەنی سەرپەرشتی بكات، پەرلەمانتارێكی دەستلەكاركێشاوەی رەوتی سەدر دەڵێت، موقتەدا سەدر پێشنیازێكی نوێی لە چوارچێوە بە دەست گەیشتووە، پێكهێنانی حكوومەتێكی كاتی سەرۆكەكەی بە سازانی رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی دیاری بكریت، ئەركەكەی ئامادەسازی بێت بۆ هەڵبژاردنێكی پێشوەختە تا مانگی ئەیلوولی 2023، بەڵام سەدر ئەو دەستپێشخەرییەی رەت كردووەتەوە. 

ئەو ئەندامەی رەوتی سەدر دەڵێت، تەنگژەكە ئەوەیە هیچ لایەنێكی مسۆگەركار بۆ رێككەوتنی هێزەكانی چوارچێوە و رەوتی سەدر نییە، بەتایبەتی لە ماوەی رابردوودا ئەو هێزانە خۆیان لە رێككەوتننەكان دزیەوەتەوە، دووپاتی كردەوە، موقتەدا سەدر هەموو كەناڵێكی پێوەندی راستەوخۆی لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی رەت كردووەتەوە، سووریشە لەسەر هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ماوەی ساڵێكدا، بەو پێیەی هەڵبژاردنەكە بە سەرپەرشتی حكوومەتی مستەفا كازمی ساز بكرێت. 

سەدرییەكان و چوارچێوە هەردووكیان كۆكن لەسەر ئەوەی هیچ چارەسەرییەك بۆ تەنگژەی ئێستەی سیاسی نییە، سەدرییەكان دەڵێن مانگرتنیان تا كاتی بڕیاردانی فەرمی بە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی نوێ درێژەی دەبێت، چوارچێوەیش دەڵێت، بۆ سازكردنی هەڵبژاردن دەبێت سەرەتا حكوومەت پێك بێت و ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنەكە بكات، قبووڵی مانەوەی حكوومەتی مستەفا كازمیش ناكەن، جیا لەوە داوای گۆڕینی یاسا و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەكەن، كە ئەو دوو مەرجەش لای سەدر رەت كراوەیە، چونكە نایەوێ یاسا و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بگۆڕدرێن و متمانەی بە هیچ حكوومەتێكی تر جگە لە كازمی نییە كە وادەی هەڵبژاردنی نوێ دیاری بكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل