چۆن كۆنترۆلی سەعاتی بایۆلۆجی لەشت دەكەیت؟

:: PM:06:57:08/08/2022 ‌

ژیانی ئاسایی مرۆڤ واتە وردەكاریی ژیانی ئاسایی بێت، لە نوستن و جووڵانەوە و خواردن و كاركردن و تەواوی زیندەچالاكییەكانی لەش، واتە لە سنووری ئاسایی توانای جەستە و دەروون و مێشكی خۆیدا بێت، رەنگە ژیانی سەردەم وای كر دبێت مرۆڤ لەو سنوورە ئاساییە دەربچێت، بەوەیش سەعاتی بایۆلۆجی جەستەی تێك دەچێ و ژیانی ناتەندروست دەبێت.

سەعاتی بایۆلۆجی مرۆڤ لە 24 سەعات پێك هاتووە، ئەو كاریگەرە بە رووناكی و تاریكی بۆ دروستكردنی هەستی خەواڵوویی و ئاگابوونەوە، كۆنترۆلی گۆڕانكاری و فەرمانەكانی لەش دەكات، وەك رێكخستنی پلەی گەرمی و هەستكردن بە برسیەتی و هیتریش، جیا لە تووشبوون بە چەند نەخۆشییەكی درێژخایەنی وەك شەكرە. 
وا باشترە راهێنانی وەرزشی بخرێتە بەیانیان، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی درەنگ دەخەون
ئێستە بەهۆی گڵۆپ و رووناكی كارەبایی، مرۆڤ شەوانەیش چالاكە، بەهۆی پێشكەوتنی تەكنۆلۆجییەوە كەمجووڵە و كەمچالاكە، ئەوانە سەعاتی بایۆلۆجیان شێواندووە، بۆیە ئەوانەی لەشیان خۆی لەگەڵ سەعاتەكە راهێناو كێشەیان نییە، بەڵام ئەوانەی رانەهاتوون، كێشەی تەندروستیان هەیە.

لە خوارەوە ئەو هەڵانەن كە مرۆڤ ئەنجامیان دەدات و بێ ئەوەی پێی بزانێت سەعاتی بایۆلۆجی لەشی دەشێوێت و تووشی كێشە دەبێت:

*نەمانەوە لە دەوروبەرێكی كراوە، دەبێتە هۆی سووككردنی هەستی رارایی و باشبوونی تەندروستی مێشك، بۆیە رۆژانە دوو سەعات لە هەوایەكی كراوە بەسەر ببە، چونكە رووناكی سروشتی بۆ سەعاتی بایۆلۆجی گرنگە. 

*بەهەڵە بەكارهێنانی رووناكی گڵۆپ، بوونی گڵۆپ و رووناكی لەسەر سەر خراپترینە بۆ سەعاتی بایۆلۆجی، بۆیە وا باشترە نزم بكرێتەوە یان بەر لە دوو سەعات لە نوستن بكوژێندرێتەوە، چونكە نوستن دوا دەخات و قووڵی كەم دەكاتەوە.

*خواردن لە هەموو كاتێكی رۆژ، ئەوە مەترسیدارە، و پێویستە پابەندی بە كاتی دیاریكراو بۆ خواردن هەبێت، چونكە كار لە هەرسكردن و مژینی خۆراك دەكات.

*كەمجووڵانەوە، چالاكی رێكوپێك پابەندی لەش بە سەعاتی بایۆلۆجی زیاد دەكات، بەڵام چالاكیی زیاد لە پێویست، بەتایبەتی پێش نوستن، ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت، وا باشترە راهێنانی وەرزشی بخرێتە بەیانیان، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی درەنگ دەخەون. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل