رۆڵی بزووتنەوەی تاڵیبان لە كوژرانی ئەیمەن زەواهیری چی بوو؟

:: PM:09:26:08/08/2022 ‌

هەفتەی رابردوو بەرپرسانی ئەمەریكا كوژرانی ئەیمەن زەواهیری، سەركردەی رێكخراوی قاعیدەیان لە ئەفغانستان لەلایەن درۆنێكی ئەمەریكییەوە راگەیاند و دەسەڵاتدارانی بزووتنەوەی تاڵیبانیش سەركۆنەی كارەكەیان كرد، كردە تایبەتەكەی ئەمەریكا زۆر ورد و جیاواز بوو و تا دێت زانیاری زیاتری لەسەر ئاشكرا دەبێت.

وەك ئەوەی هاتە راگەیاندن كوشتنی زەواهیری لە رێگەی درۆنێكی جۆری " MQ-9 Reaper " و مووشەكێكی پەرەپێدراوی جۆری هێلفایەر بووە، زانیارییەكان باسی ئەوە دەكەن كە ئەمەریكا چەكێكی پێشكەوتووی نوێی بۆ كوشتنی زەواهیری بەكار هێناوە، ئەویش جۆرە مووشەكێكە بەناوی "مووشەكی نینجا"، كە تەقینەوە دروست ناكات، تەنیا كۆمەڵێك شەفرە و پارچەی تیژ ئاراستەی ئامانجەكەی دەكات، وەك خەنجەری فڕیو بە خێراییەكی زۆر، بۆیە زەواهیری لە بەلەكۆنەی ماڵەكەیدا كرایە ئامانج و كەسی تری لەگەڵ نەكوژرا. 
زەواهیری وەك كارتێكی سووتاو بوو بۆ تاڵیبان
بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكا دەڵێت، دوو مووشەكی جۆری هێلفایەر بۆ كوشتنی زەواهیری بەكار هێنراوە، ئەو بەتەنیا كوژراوە نە خانووەكەی تەقیوەتەوە و نە كەسوكاری كوژراون یان بریندار بوونە، كە ئەوانیش لە خانووەكەدا بوونە، بۆیە سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن كە مووشەكەكان لە جۆری "9 إكس Hellfire R9X" بوونە، واتە "مووشەكی نینجا".

ئەو مووشەكە تەقەمەنی تیادا نییە، بەڵكو شەش شەفرەی تیژی تیادایە و بەر لە بەركەوتنی بە رووەكە، بە خێراییەكی گەورە دەردەچن و ئامانجەكەیان پارچە پارچە دەكەن، بێ ئەوەی شوێنەواری تەقینەوە دروست ببێت، ئەو موشەكە لەلایەن پنتاگۆن و هەواڵگری ناوەندی ئەمەریكاوە بەكاردێت، كە بەرپرسن لە كاری كوشتنی سەرانی داعش و قاعیدە.

لەلایەكی تر زانیارییەكان باسی ئەوە دەكەن كە ئەگەری زۆرە كوژرانی زەواهیری لە ئەنجامی رێككەوتنی نێوان بزووتنەوەی تاڵیبان و هەواڵگری ئەمەریكاوە بووبێت، بۆ رزگاربوون لە زەواهیری كە ئێستە وەك كارتێكی سووتاو وابوو و تاڵیبان دەتوانێت بۆ بەدەستهێنانی دەسكەوت بۆ حكوومەتەكەی لە دەرەوە سوودی لێ ببینێت، وەك دداننان پێی لەلایەن وڵات و دامەزراوەكانی رۆژئاوادا.

بەپێی راپۆرتێكی "بی بی سی"ی بەریتانی، شایەتحاڵەكان دەڵێن، بزووتنەوەی تاڵیبان بەر لە هێرشەكە خانووەكانی دەوروبەری خانووی زەواهیری چۆڵ كردووە و رێگری لە نزیكبوونەوەی خەڵك لە ناوچەكە كردووە، ئەوەیش واتە كارەكە بە رێككەوتنی هەردوولا بووە. 

گەیشتن بە شوێنی خۆحەشاردانی زەواهیری لەلایەن بزووتنەكە بووە، بۆ دانەوەی چاكەی ئەمەریكا كە شەرعیەتی دەسەڵاتی لە كابوول پێ بەخشی، جیا لە بەخشینی یارمەتی دارایی ئەمەریكا و رۆژئاوا و بەڵێندان بە ئاساییكردنەوەی پێوەندییە دیپلۆماسییەكان لەگەڵ حكوومەتی تاڵیبان بەمنزیكانە.

لەلایەكی تر تر تاڵیبان ویستی خۆی لە بارگرانی و دەسەڵاتی قاعیدە لە ئەفغانستان رزگار بكات، جیا لە لابردنی تۆمەتەكانی پێشتر بەوەی داڵدەی سەرانی قاعیدە دەدات و بووەتە حەشارگەیەك بۆ ئەندامانی رێكخراوەكە، هەروەها پتەوی پێوەندی قاعیدە لەگەڵ بزاوی حەقانیی هاوپەیمان لەگەڵ تاڵیبان و نەیار بۆ ئەمەریكا، ئەوەیش هۆكارێكی ترە.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوو ناكۆكییەكانی نێوان رێكخراوی قاعیدە و بزووتنەوەی تاڵیبان زیادی كرد، بەهۆی شكستی قاعیدە لە رووبەڕووبوونەوەی فرەوانبوونی داعش لەو وڵاتە و رێگرتن لە چوونی كۆنە تاڵیبانە توندڕۆكان بۆ ریزەكانی داعش، ئەوەیش وای كرد داعش لە شارەكانی ئەفغانستان و هەرێمی خوراسان تەشەنە بكات و ببێتە هەڕەشە بۆ بوونی قاعیدە تیایاندا.

لەلایەكی تر دوای ئەوەی زەبیحوڵا موجاهید، گوتەبێژ بەناوی بزووتنەوەی تاڵیبان رای گەیاندبوو كە بزووتنەكە تەرمی زەواهیریان لە شوێنی كوشتنی نەدۆزیوەتەوە، تەنانەت تاڵیبان نكووڵی لەوە كرد زانیاری بە بوونی زەواهیری لەسەر خاكەكەی هەبێت، ئەمروڵا ساڵح، جێگری سەرۆكی پێشووی ئەفغانستان لە پۆستێك لە فەیسبووك رای گەیاند كە بزووتنەوەی تاڵیبان تەرمی زەواهیری و هاوەڵەكانی بە نهێنی لە ناوچەی پانجوای لە ویلایەتی قەندەهاری باشووری ئەفغانستان ناشتووە و كەسێك وێنە و زانیارییەیكانی بۆ رەوانە كردووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل