لە رەنگی قاچەكانت بزانە رێژەی كۆلیسترۆلت بەرزە

:: PM:10:57:08/08/2022 ‌

بەرزیی رێژەی كۆلیسترۆل، یەكێكە لە مەترسیدارترین هۆكارەكانی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ، كۆلیسترۆل مادەیەكی مۆمییە و دەچێتە پێكهاتەی خانەكانی لەش، بەڵام لە كاتی زیادبوونی جۆرە زیانبەخشەكەی، لە ناوپۆشی دیواری لوولەكانی خوێن دەنیشێ و دەبێتە هۆی داخران و نەگەیشتنی خوێن بە ئەندامەكانی لەش، جیا لەوەیش لە كاتی پارچەبوون و ترازانی ئەو نیشتەنییانە، جەڵتە و دڵەنۆرە و سەكتەی مێشك دروست دەكات. 
رەنگی قاچەكان دەگۆڕێت و لە كاتی رۆیشتن ئازاریان دەبێت
پێویستە مرۆڤ وریای ئەوە بێت كە ئاخۆ رێژەی كۆلیسترۆلی خوێنی ئاساییە یان بەرزە، ماڵپەڕی "تایمز ئۆف ئیندیا"، باسی چەند ئاماژەیەك لە قاچەكان دەكات دەبنە نیشانە بۆ ئەوەی ئاخۆ رێژەی كۆلیسترۆلی زیانبەخش لە خوێنی مرۆڤ بەرزە یان نا، كە بەهۆكاری بۆماوەیی یان شێوازی ناتەندروستی ژیان و كەمجووڵانەوە و زیادی كێشەوە دروست دەبێت و زۆرجار نیشانەیەكی دیاریكراوی نابێت.

بەرزیی رێژەی كۆلیسترۆل دەبێتە هۆی رەقبوونی خوێنبەرەكان، بەهۆی نیشتنی چەوری و كۆلیسترۆل بە دیواری ناوەوەی لوولەكانی خوێن و تەسكبوونەوەیان و رێگریكردن لە تێپەڕبوونی ئاسایی خوێن تیایاندا، لەوانەیش بۆ باسك و قاچەكان، بەوەیش لە كاتی رۆیشتن ئازار لە قاچەكان دروست دەبێت.

بەو پێیەی ئەو حاڵەتە دەبێتە هۆی كەم گەیشتنی خوێن بۆ قاچەكان، بۆیە رەنگیشیان دەگۆڕێت، ئەگەر لە كاتی خۆی چارەسەر نەكرێت، رەنگی قاچەكان بۆ شین یان سپی دەگۆڕێت بەهۆی كەم خوێنییەوە، جیا لە هەستكردن بە ئازار لەكاتی رۆیشتن و لە كاتی حەسانەوە ئازارەكە نامێنێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل