چۆن "ماو تسی تۆنگ" دامه‌زرێنه‌ری چینی میلی مرد و ته‌رمه‌كه‌ی مۆمیا كرا؟

:: PM:03:19:09/08/2022 ‌
دوایی ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌گه‌رییه‌كانی وڵاته‌كه‌، ده‌ستی به‌سه‌ر ته‌واوی ناوچه‌كانی چینی میلی گرت، ماو تسی تۆنگ له‌ یه‌كی تشرینی یه‌كه‌می 1949، كۆماری چینی میلیی دامه‌زراند و په‌كینی كرده‌ پایه‌ته‌ختی ئه‌و كۆماره‌ كه‌ تا ئێسته‌یش به‌رده‌وامه‌.

پێگه‌ی "عه‌ره‌بیه‌" ئه‌مڕۆ سێشه‌م نۆی ئاب، راپۆرتێكی له‌باره‌ی ماو تسی تۆنگ و مردنی و مۆمیاكردنی ته‌رمه‌كه‌ی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، له‌به‌ر گه‌وره‌یی و گرنگیی كه‌سایه‌تییه‌كه‌، "وشه‌" وه‌ریگێڕاوه‌ و بڵاوی ده‌كاته‌وه‌.

ماو تسی تۆنگ ماوه‌یی 27 ساڵ به‌ چه‌پۆكێكی ئاسنین حوكمیی چینی میلیی كردووه‌
ماو تسی تۆنگ ماوه‌یی 27 ساڵ به‌ چه‌پۆكێكی ئاسنین حوكمیی چینی میلیی كردووه‌، له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا زیاتر له‌ 70 ملیۆن كه‌س له‌ وڵاته‌كه‌ به‌هۆی برسێتی و پرۆسه‌ی سێداره‌دان و سه‌ربازگه‌ی كاری زۆره‌ملێ، گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌.

 كۆتایی حوكمه‌كه‌ی ماو تسی تۆنگ له‌ مانگی ئه‌یلوولی 1976 بوو، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی تووشی نه‌خۆشییه‌كی قورس بوو و ململانێی له‌گه‌ڵ مردندا ده‌كرد، ئاكام له‌ دوای 82 ساڵی ته‌مه‌نی، كۆچی دوایی كرد.

له‌ كۆتایی حوكمه‌كه‌ی ماو تسی تۆنگ، دۆخی ته‌ندروستیی تێكده‌چێت كه‌ ئه‌ویش به‌هۆی جگه‌ره‌كێشانی زۆره‌وه‌ تووشی نه‌خۆشییه‌كه‌ بوو، هاوكات به‌رپرسانی وڵاته‌كه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌یان له‌ گه‌له‌كه‌یان شارده‌وه‌ كه‌ تووشی ته‌نگژه‌ی سی و دڵ بووبوو، بۆیه‌ بڕیاریان دا هه‌ر كه‌سێك له‌باره‌ی دۆخی سه‌رۆكه‌كه‌یان هه‌واڵ بڵاو بكاته‌وه‌، سزای قورسی ده‌ده‌ن.

دوای وێنه‌ی ماو تسی تۆنگ كه‌ گرتوویه‌تی و بڵاو كرایه‌وه‌، 27ی ئایاری 1976 بوو كاتێك پێشوازیی له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی پاكستان "زولفوقار عه‌لی بۆتۆ" كرد كه‌ سه‌ردانی چینی كردبوو.

دواتر له‌ سه‌عات پێنجی ئێواره‌ی دووی ئه‌یلوولی 1976، تووشی ته‌نگژه‌ی دڵ بوو و دوای سێ رۆژی تر دیسان تووشی ته‌نگژه‌ی دووه‌می دڵ بووه‌وه‌، بۆیه‌ له‌سه‌ر جێ كه‌وت، ئه‌وه‌بوو له‌ حه‌وتی ئه‌یلوولی 1976 ئاگای له‌ خۆی نه‌ما و بۆ نه‌خۆشخانه‌ گوازرایه‌وه‌.

ئاكامی نه‌خۆشییه‌كه‌ی وایكرد له‌ سه‌عات 12 و 10 خوله‌كی نۆی ئه‌یلوولی 1976 ماو تسی تۆنگ  كۆچی دوایی بكات، بۆ رۆژی دواتر ته‌واوی میدیاكانی چین و میدیاكانی دنیا، تا سه‌عات چواری عه‌سر چاوه‌ڕێیان كرد كۆچی سه‌رۆكی چین بێته‌ راگه‌یاندن. ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ دوا داواكاریی ماو تسی تۆنگ ئه‌وه‌بوو گوتبووی، پارێزگاری له‌ یه‌كگرتوویی حزب و وڵاته‌كه‌ بكه‌ن.

له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی كۆچی دوایی سه‌رۆكی چینی میلی، بۆ چه‌ندان وڵات هاته‌ راگه‌یاندن كه‌ پرسه‌ رابگه‌یه‌نن و له‌ میدیاكانیان وتار له‌باره‌ی ماو تسی تۆنگ بڵاو بكه‌نه‌وه‌. ئه‌و وڵاتانه‌یش نموونه‌یان ئه‌لبانیا، كۆماری كۆنگۆ، كۆریای باكور، پاكستان، سریلانكا، ڤه‌نزوێلا و رۆمانیا. هه‌ر ئه‌وكاتیش سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا جێراڵد فۆرد، هاوخه‌می بۆ گه‌لی چین و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی راگه‌یاند.

له‌گه‌ڵ مردنی ماو تسی تۆنگ، ته‌رمه‌كه‌ی به‌ ئاڵای چین داپۆشرابوو و بۆ ماوه‌یه‌ك یه‌ك هه‌فته‌ له‌ هۆڵی گه‌لی گه‌وره‌ دانرا، تا سه‌ردانكه‌ران سه‌ردانی بكه‌ن و بیبینن، بۆیه‌ له‌ناو ئه‌و هه‌فته‌یه‌دا زیاتر له‌ ملیۆن كه‌س سه‌ردانیان كرد.

دواتریش به‌رپرسانی چین بڕیاریان ته‌رمه‌كه‌ی بۆ نه‌خۆشخانه‌ بگوازنه‌وه‌ و له‌وێدا مۆمیا بكرێت، دوای مۆمیاكردنیشی له‌ گۆڕه‌پانی "تیان ئان" له‌ ناوه‌ندی په‌كین دابنرێت.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د