نرخی كەلوپەل و خۆراك 10% دابەزی

:: PM:04:27:09/08/2022 ‌
راوێژكاری ئابووری پەرلەمانی كوردستان رای گەیاند، بەهۆی دوو هۆكاری سەرەكی لە هەرێمی كوردستان، نرخی خۆراك بەردەوام لە دابەزیندایە كە یەكێك لە هۆكارەكان بڕیارێكی حكوومەتی هەرێمە. 

ئەمڕۆ سێشەم نۆی ئاب، ئەرشەد تەها راوێژكاری ئابووری پەرلەمانی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، چەند هۆكارێك هەن كە بوونەتە هۆی ئەوەی نرخی كەلوپەلی خۆراك هەرزان بێت، هەندێك هۆكاری نێودەوڵەتین وەك رێككەوتنی رووسیا و ئۆكراینا، جیا لەوە چەند رێكارێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ هەرزانكردنی نرخ شوێنی خۆی گرت. 

گرنگترین خاڵەكانی هەرزانبوونی كەلوپەلی خۆراك، رێككەوتنی رووسیا و ئۆكراینا و لابردنی باج لەسەر كۆمەڵێك كەلوپەلی خۆراكین
روونیشی كردەوە كە گرنگترین خاڵەكانی هەرزانبوونی كەلوپەلی خۆراك، رێككەوتنی رووسیا و ئۆكراینا و لابردنی باج لەسەر كۆمەڵێك كەلوپەلی خۆراكین لەلایەن حكوومەتەوە. 

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی شەڕی رووسیا و ئۆكراینا، گرانی رووی لە تەواوی دنیا كرد، بەڵام لە كوردستان حكوومەت زووتر فریاكەوت و ئاستی هاوردەكردنی بەرز كردەوە.

ئەو راوێژكارەی ئابووری ئومێدی وایە نرخی كەلوپەل زیاتر دابەزێت و دەڵێ‌، تا ئێستە نرخی كەلوپەل و خۆراك 10% دابەزیوە بە جۆرێك ئاراستەی نرخی خۆراك بەرەو دابەزینە. 

وشە/ بڵند ئیبراهیم



وشە - وشه‌