دوای ئه‌وه‌ی له چه‌ند مانگی رابردوو نرخی ماسی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رز بووه‌وه، ئێسته نرخه‌كه‌ی دابه‌زیوه و ماسیفرۆشانیش باس له‌وه ده‌كه‌ن، سه‌ره‌ڕای دابه‌زینی نرخه‌كه‌ی، خواستی له‌سه‌ر نییه و خه‌ڵك به كه‌می ماسی ده‌كڕن. به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیش هۆكاری دابه‌زینی نرخه‌كه‌ی بۆ هاورده‌كردنی ماسی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
ماسی یه‌كێكه له خواردنه‌كان كه به گۆشتی سپی ناسراوه، هه‌رێمی كوردستان ساڵانه توانای به‌رهه‌مهێنانی سه‌رووی هه‌شت هه‌زار تۆ‌ن ماسی هه‌یه، به‌و پڕۆژانه‌ی ماسی كه مۆڵه‌تیان هه‌یه و ئه‌وانه‌شی مۆڵه‌تیان نییه، له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕه‌ی كه له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه له چه‌م و رووباره‌كان راو ده‌كرێن و ده‌خرێنه بازاڕه‌كانه‌وه. به‌ڵام پێویستی ساڵانه‌ی هه‌رێم به ماسی سه‌رووی 12 هه‌زار تۆ‌نه.
محه‌مه‌د جاف به‌رپرسی ده‌ڤه‌ری بیتوێن بۆ فرۆشتنی ماسی به كۆ، به "وشه"ی راگه‌یاند، نرخی ماسی زۆر هه‌رزان بووه، كه‌چی خواست له‌سه‌ری وه‌ك خۆیه‌تی، به‌و هۆیه‌وه خاوه‌ن پڕۆژه‌كان، ماسی به هه‌رزان ده‌خه‌نه بازاڕه‌وه و زیانیش ده‌كه‌ن، به‌رارود به مانگی رابردوو هه‌موو كیلۆیه‌ك ماسی دوو هه‌زار و 500 تا سێ هه‌زار دینار له نرخه‌كه‌ی دابه‌زیوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش فرۆشی رۆژانه‌یان كه‌م بووه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده هه‌رزانه، به‌ڵام كڕیار كه‌مه، پێش دوو مانگ كیلۆی ماسی هه‌شت تا 12 هه‌زار دینار بوو.
ئه‌و باسی له‌وه‌ش كرد، رۆژانه ئه‌و ماسییه‌ی كه ده‌یفرۆشن ناگاته نیو تۆ‌ن، پێشتر له كاتی گرانییه‌كه كڕیار باشتر بوو، نرخی ماسی ئێسته له بازاڕه‌كان بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌متر له كیلۆن، كیلۆی به سێ هه‌زار دیناره، بۆ ئه‌وانه‌ی سه‌رووی كیلۆن به چوار هه‌زار دیناره، ئه‌گه‌ر سه‌رووی دوو كیلۆ بێت ده‌گاته شه‌ش هه‌زار دینار، هۆكاری هه‌رزانبوونه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه ئێسته له سنووره‌كانه‌وه ماسی هاورده ده‌كرێت و له شاره‌كانی عێراقیش ماسی دێته ناوه‌وه، راوكردنیش كراوه‌ته‌وه.
له هه‌رێمی كوردستان سه‌رووی 400 پڕۆژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ماسی هه‌یه
سیروان سه‌عید به‌ڕێوه‌به‌ری سامانی ماسی له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، به "وشه"ی راگه‌یاند، له هه‌رێمی كوردستان سه‌رووی 400 پڕۆژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ماسی هه‌یه كه مۆڵه‌تیان هه‌یه، هه‌روه‌ها به سه‌تان پڕۆژه‌ش هه‌یه كه مۆڵه‌تیان نییه و به‌بێ ئاگاداری ئه‌وان كراون، كۆی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی كه پڕۆژه مۆڵه‌تداره‌كان به‌رهه‌می ده‌هێنن، ساڵانه ده‌گاته نزیكه‌ی سێ هه‌زار و 500 تۆ‌ن، هه‌روه‌ها پڕۆژه مۆڵه‌تداره‌كان و ئه‌وه‌ش كه به‌هۆی راوكردنه‌وه ده‌خرێته بازاڕه‌وه، پێكه‌وه به‌رهه‌میان‌ده‌گاته سه‌رووی چوار هه‌زار تۆ‌ن، واته به تێكڕِا به‌رهه‌می ماسی له هه‌رێم به پڕۆژه‌كان و راوكردن ده‌گاته سه‌رووی هه‌شت هه‌زار تۆ‌ن.
كۆی پێداویستی هه‌رێمی كوردستان به ماسی ساڵانه ده‌گاته 12 هه‌زار تۆ‌ن، ساڵ بۆ ساڵیش جیاوازه، زۆرترین پڕۆژه‌كانی ماسی ده‌كه‌ونه سنووری هه‌ولێر له ته‌قته‌ق، له سنووری سلێمانیش ده‌كه‌ونه چوارتا، ئێسته نرخی ماسی هه‌رزان بووه، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه بوو له ماوه‌ی رابردوو به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆس له وڵاتی ئێران و عێراق هاورده‌كردنیان راگرت، ئێسته كێِشه‌یه‌ك نه‌ماوه و له هه‌ر دوو لاوه ماسی هاورده ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش وایكردووه نرخه‌كه‌ی هه‌رزان بێت.
فارس عه‌لی خاوه‌نی ماسی برژاوی سه‌ركارێز، به "وشه"ی راگه‌یاند، له‌گه‌ڵ دابه‌زینی نرخی ماسی زیندوو، هاوكات نرخی ماسی به برژاویش دابه‌زیوه، له دوو مانگی رابردوو كیلۆی ماسی بر‌ژاو 12 تا 15 هه‌زار دینار به‌رز بووبوو، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو گران بوو كه پێشتر به‌و شێوه‌یه نه‌بوو، ئێسته دابه‌زیوه و یه‌ك كیلۆ ماسی بر‌ژاو به نۆ هه‌زار دیناره، ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه ماسی زیندوو زیاتر دابه‌زێت، برژاویش داده‌به‌زێت، ئه‌و دابه‌زینه وای كردووه خواست له‌سه‌ر ماسی بر‌ژاو زیاد بێت.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی