ئەگەری تەقینەوەیەكی گەورە لەناو یەكێتی هەیە

:: PM:06:33:10/08/2022 ‌
لە ژێر ناوی چاكسازی و رێكخستنەوەی میلاك، ئیدارەی گشتی یەكێتی، دەستی كردووە بە بڕینیمووچەی سەتان كارمەندی ئۆرگانەكانی و زیاتریش لەسەر راگەیاندنكارەكانی رەنگی داوەتەوە.

"ع. س" یەكێك لە كارمەندانی راگەیاندنی یەكێتی كە دواین مووچەی پێ دراوە، بە "وشە"ی راگەیاند، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە كاتێك دابەشكردنی مووچەی مانگی تەمووز لەلایەن مەكتەبی دارایی و ئیدارەی گشتی یەكێتییەوە دابەش كرا، تەواوی كارمەندەكان ئاگادار كرانەوە كە بێن بۆ وەرگرتنیمووچە، بەڵام هەمووان تووشی شۆك بوون.

ئێستە هەریەك لە كەناڵەكانی ئاسمانیی (كەركووك، بادینان سات، ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان، سەتەلایەتی گەلی كوردستان، كوردستانی نوێ و ماڵپەڕی پیوكەی میدیا)، چەندان رۆژە كارمەندەكانیان بۆ ماڵەوە نێراونەتەوە.

ڕوونیشی كردەوە كە لەلایەن لیژنەی مووچەوە دووپات كرایەوە، یەكێتی دەستی كردووە بە رێكخستنەوەی میلاكات و بەهۆیەشەوە مووچەی تەواوی ئەو كارمەندانەی مەكتەبی راگەیاندن كە فەرمانبەری حكوومەتیشن، بۆ مانگی داهاتوو بە رێژەی سفر بڕاوە یان كەم كراوەتەوە بۆ نیوە.

هاوكات كارمەندێكی تری راگەیاندنی ناو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، لە ترسی كۆتاهێنان و گواستنەوەی راژە حكوومییەكەی، بۆ "وشە" بەمەرجی ناونەهێنانی ئاماژەی بەوە دا، لیژنەی مووچە گوتوویانە، جارێ مووچەی ئەو كارمەندانە نادرێت كە لە حكوومەتدان، تا ئەو پرسە یەكلا دەكرێتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، ئێستە لەناو ئۆرگانە باڵاكانی یەكێتی وەك مەكتەبی سیاسی و مەكتەبی رێكخستن و ناوەند و دەزگاكانی تری حزبەكە، لە ترسی تەقینەوەی گەورەی كادرانی، هێشتا ئیدارەی گشتی ئاگاداری لیژنەی مووچەی دامەزراوەكانی نەكردووەتەوە تا بچن بۆ وەرگرتنیمووچە.

بەپێی بڕیاری یەكێتی، دەبێت مووچەی هەر كارمەندێكی یەكێتی لەمەولا بە مووچەی حزبی و حكوومی، لە ملیۆنێك و 200 هەزار دینار زیاتر نەبێت. 

لە رۆژی شەمووی رابردووەوە، ئیدارەی گشتی یەكێتی دەستی كردووە بە دابەشكردنی مووچە، تا ئێستەیش زۆربەی مەكتەب و ئۆرگانەكانی یەكێتی مووچەیان وەرنەگرتووە.





وشە - وشه‌