سەدر بەفەرمی داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەكات

:: PM:06:58:10/08/2022 ‌

دوای مشتومڕێكی زۆر و لێدوای دژ بەیەك لە نێوان موقتەدا سەدر و نووری مالیكی و سەرانیتری چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەمڕۆ سەدر بێهیوایی خۆی لە هەر گفتوگۆیەك دووپات كردەوە و بە فەرمی داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی كرد.
سەركۆمار بۆ دیاریكردنی وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە رابسپێرێت بەو مەرجانەی دواتر رایان دەگەیەنین
ئەمڕۆ موقتەدا سەدر لە تویتێك نووسیویەتی، رەنگە بكوترێت كە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان پێویستی بە دانیشتنی پەرلەمان هەیە بۆ ئەوەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، نەخێر، پەرلەمان چەند فراكسیۆنێكی تیادایە دەستیان بە بەشبەشێنە و بەردەوامی لەسەر گەندەڵی گرتووە و ملكەچی داوای گەل بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان نابن، من دەڵێم هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەوەوە وابەستە نییە.

زیاتر گوتی، لێرەوە قسەكانم ئاراستەی لایەنە دادوەرییە تایبەتەكان، بەتایبەتی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەكەم، بەو هیوایەی رەوتەكە راست بكەنەوە، بەتایبەتی دوای كۆتاهاتنی وادە دەستوورییە دیاریكرداوەكان بۆ پەرلەمان بە دیاریكردنی سەركۆمار و راسپاردنی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی بەشبەشێنەیی، بەڵی رووی قسەكانم دەكەمە دادگای عێراق كە تا ئێستەیش چاوەڕوانی باشی لێ دەكەین، سەرەڕای گوشارە سیاسی و تەناهییەكان، بۆ ئەوەی لە ماوەی تا كۆتای هەفتەی داهاتوو پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، سەركۆماریش رابسپێرێت بۆ دیاریكردنی وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بەو مەرجانەی دواتر رایان دەگەیەنین.

سەدر روونی كردەوە، لەو ماوەیەیش شۆڕشگێڕان لە مانگرتن بەردەوام دەبن، و ئەگەر گەل نائومێد كرا هەڵوێستی تریان دەبێت، بۆیە داوای لە هەموو شوڕشگێڕان و فراكسیۆنی دەست لەكاركێشاوەی رەوتی سەدر و پەرلەمانتارانی تر دەكەین بە رێگەی یاسایی داوای فەرمی لە رێگەی لیژنەی سەرپەرشتیاری مانگرتنەكان پێشكەیش دادگای فیدراڵی بكەن، بۆیە ئێستە دادگا لە دووڕیاندایە و هیوادارین رەچاوی بەرژەوەندی گەل بكات و گوێ بە گوشارەكان نەدات، كە من دڵنیام زۆرێك لە دادوەران لە بەرەی گەلن و لەگەڵ چاكسازیدان.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل