ئەمڕۆ موقتەدا سەدر راشكاوانە داوای لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری كرد كە پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە و وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری بكات، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریش دووپاتی دەكاتەوە كە دادگا ناتوانێت بێتە ناو ئەو بابەتە و پرسی هەڵوەشانەوەی پەرلەمان پێوەستە بە دەقی مادەی 64ی دەستووری عێراق.
بەپێی لێدوانێكی ئەنجوومەنەكە، پەرلەمان بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئەندامانی بە دوو رێگە هەڵدەوەشێتەوە، یەكەم لەسەر داوای سێیەكی ئەندامانی و دووەم لەسەر داوایەكی سەرۆك وەزیران و بە رەزامەندی سەركۆمار، بەدەر لەوانە هیچ لایەنێكی دادوەری و هیتریش بۆیان نییە چارەسەرێكی دۆخی سیاسی بسەپێنن، تەنیا بەپێی دەستوور نەبێت.
هیچ لایەنێكی دادوەری و هیتریش بۆیان نییە چارەسەرێكی دۆخی سیاسی بسەپێنن، تەنیا بەپێی دەستوور نەبێت
دووپاتی كردەوە، میكانیزمەكانی هەڵوەشانەوەی پەرلەمان بە پێی دەقی مادەی 64ی دەستوورەوە وابەستەیە.
لای خۆیەوە محەمەد ساعیدی، شارەزای یاسایی دەڵێت، دوو بەربەستی دەستووری لەبەردەم هەڵوەشانەوەی پەرلەماندا هەن، یەكەم مادەكانی دەستوور پێوەست بەو بابەتە سنووردارن بە مادەی 64 و ناتوانرێت تێپەڕ بكرێن، دووەم بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە 159 لە ساڵی 2021، كە پەرلەمان پابەند دەكات بە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ژمارە نۆی ساڵی 2020 و پشتبەستن بە سیستمی ژماردنی بەدەستی دەنگەكات، هەروەها پابەندكردنی بە دانای پەیكەرێكی نوێی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، بۆیە لە رووی دەستوورییەوە ئەستەمە پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە.
ئەمڕۆ موقتەدا سەدر لە تویتێك رای گەیاند، رەنگە بكوترێت كە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان پێویستی بە دانیشتنی پەرلەمان هەیە، چەند فراكسیۆنێكی پەرلەمان ملكەچی داوای گەل بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان نابن، من دەڵێم هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەوەوە وابەستە نییە.
زیاتر گوتی، قسەكانم ئاراستەی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەكەم، بۆ ئەوەی لە ماوەی تا كۆتای هەفتەی داهاتوو پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، سەركۆماریش رابسپێرێت بۆ دیاریكردنی وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بەو مەرجانەی دواتر رایان دەگەیەنین.