بۆنی ناخۆشی پێیەكان پێوەندی بە كۆلیسترۆلەوە چییە؟

:: PM:09:13:10/08/2022 ‌

وەزارەتی تەندروستی بەریتانیا لە توێژینەوەیەكدا باسی ئەوەی كردووە كە دروستبوونی بۆنی ناخۆش لە پێیەكان، دەكرێ ئاماژەیەك بێت بۆ بەرزیی رێژەی كۆلیسترۆل لە خوێن، توێژینەوەكە دەڵێت، كۆلیسترۆل مادەیەكی مۆمییە و بەهۆی بەرزبوونەوەی لەناو خوێندا، بە دیواری ناوەوەی لوولەكانی خوێن دەنووسێت و رێگری لە هاتوچۆی خوێن دەكات، بەوەیش  مرۆڤ تووشی سەكتەی مێشك و نەخۆشییەكانی دڵ دەكات.
بەهۆی كەم گەیشتنی خوێن بۆ قاچەكان رەنگیان دەگۆڕێ و بۆنیان ناخۆش دەبێت
بەپێی توێژینەوەكە بەرزیی رێژەی جۆرە خراپەكەی كۆلیسترۆل ئاماژەی وریاكەرەوەی نییە، بەڵام دەكرێت لە رێگەی بۆنی ناخۆشی قاچەكانەوە ئاگەداری ببیتەوە، كاتێك بەهۆی كەم گەیشتنی خوێن بە قاچەكان، پێستی قاچەكان و بەنجەكانی پێ سارد و سڕ دەبن و رنگیان بۆ سوور و رەش دەگۆڕێت و دەئاوسێن و كێم دروست دەكەن، ئەو كێمەیش بۆنێكی ناخۆش دەردەكات جیا لە ئازاری قاچەكان. 

لای خۆیەوە ماڵپەڕی "تایمز ئۆف ئیندیا"، باسی چەند ئاماژەیەك لە قاچەكان دەكات كە دەبنە نیشانە بۆ ئەوەی ئاخۆ رێژەی كۆلیسترۆلی زیانبەخش لە خوێنی مرۆڤ بەرزە یان نا، كە بەهۆكاری بۆماوەیی یان شێوازی ناتەندروستی ژیان و كەمجووڵانەوە و زیادی كێشەوە دروست دەبێت و زۆرجار نیشانەیەكی دیاریكراوی نابێت.

بەو پێیەی ئەو حاڵەتە دەبێتە هۆی كەم گەیشتنی خوێن بۆ قاچەكان، بۆیە رەنگیشیان دەگۆڕێت، ئەگەر لە كاتی خۆی چارەسەر نەكرێت، رەنگی قاچەكان بۆ شین یان سپی دەگۆڕێت بەهۆی كەم خوێنییەوە، جیا لە هەستكردن بە ئازار لەكاتی رۆیشتن و لە كاتی حەسانەوە ئازارەكە نامێنێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل