چوارچێوەی هاوئاهەنگی: لە هەوڵی پێكهێنانی حكوومەت بەردەوام دەبین

:: PM:09:27:10/08/2022 ‌

دوای ئەوەی ئەمڕۆ موقتەدا سەدر گوشارەكانی راستەوخۆ خستە سەر ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە، شپرزەییەك بە چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە دەركەوت، بەیاننامەیەك بەناوی ئەوانەوە دەرچوو و دواتر رەتیان كردەوە، بەیاننامەیەكی تریان راگەیاند و دووپاتیان كردەوە لە هەولێی پێكهێنانی حكوومەت بەردەوام دەبن.

دوای چەند سەعاتێك لە بەیاننامەكەی موقتەدا سەدر، سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوەیەكی خۆیان ساز كرد، ئەوان تاوتوێی چەند پرسێكی گرنگیان كرد، لە پێشەوەیان گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەت، لە رێگەی خێراكردنی هەنگاوەكان بۆ دیاریكردنی سەركۆمار و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.  
چوارچێوە هەنگاوەكانی بۆ دیاریكردنی سەركۆمار و پێكهێنانی حكوومەت خێراتر دەكات
بەشدارانی كۆبوونەوەكە دووپاتیان لە هەڵوێستی پێشوویان كردەوە بە پێویستی رێزگرتن لە دامەزراوەكانی دەوڵەت، لەپێشەوەیان هەردوو دەسەڵاتی دادوەری و یاسادانان و رەتكردنەوەی هەموو جۆرەكانی پێشێلكاری بۆ سەریان و پەكنەخستنی ئەركەكانیان.

ئەمڕۆ موقتەدا سەدر لە تویتێك رای گەیاند، رەنگە بگوترێت كە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان پێویستی بە دانیشتن هەیە، بەڵام چەند فراكسیۆنێكی پەرلەمان ملكەچی داوای گەل بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان نابن، من دەڵێم هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەوەوە وابەستە نییە.

زیاتر گوتی، قسەكانم ئاراستەی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەكەم، بۆ ئەوەی لە ماوەی تا كۆتای هەفتەی داهاتوو پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، سەركۆماریش رابسپێرێت بۆ دیاریكردنی وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بەو مەرجانەی دواتر رایان دەگەیەنین.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل