فەرماندەیەكی سەربازی داعش كوژرا

:: PM:10:52:10/08/2022 ‌

لەو كاتەی چەندان تەنگژە و كێشە لە ناوچەكە گەرمە، بەتایبەتی لە سووریا و عێراق، چاودێران بە بەردەوام وریایی لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش دەدەن بەهۆی سوودبینین لە سەرقاڵی هێزە تەناهییەكان و بەكارهێنانیان لەلایەن لایەنە نەیارەكانی كێشەكانەوە، ئەمڕۆ فەرماندەیەكی سەربازی داعش لە سووریا كورژا.
بەشداری لە چەندان كاری كوشتن و نانەوەی پشێوی لە باشووری سووریا كردووە
سەرچاوەیەكی تەناهی سووریا بە ئاژانسی "سانا"ی راگەیاندووە، لایەنە تایبەتە تەناهییەكان ئۆپراسیۆنێكی تەناهیان لە باشووری ئەو وڵاتە ئەنجام داوە و بەو هۆیەوە ئەبو سالم عێراقی، فەرماندەیەكی سەربازی داعشیان لە شارەدێی عدوان لە دەشتی دەرعا گەمارۆ داوە و بریندار كردووە، ئەوەیش خۆی بە پشتێنەیەكی بۆمبڕێكراوەوە تەقاندووەتەوە و كوژراوە. 

سەرچاوەكە روونی كردەوە، ئەو تیرۆریستە لە شاری تەفس هەڵاتووە و لەلایەن هێزە تەناهییەكانی سووریا راوەدوو نراوە، كە لە شاریدێی عدوان گەمارۆیان داوە و برینداریان كردووە و ئەویش خۆی تەقاندووەتەوە و كوژراوە.

بەپێی سەرچاوەكە لەو ئۆپراسیۆنە تایبەتە تەناهییەدا كارمەندێكی هێزە تەناهییەكانی سووریا كوژراوە و كەسێكی مەدەنیش بریندار بووە، كە لەلایەن ئەو تیرۆریستەی داعش وەك بارمتە گیرابوو.

وەك روانگەی مافی مرۆڤی سووریا دەڵێت، ئەبو سالم عێراقی لە 2018ەوە خۆی حەشار داوە و بەشداری لە چەندان كاری كوشتن و نانەوەی پشێوی لە باشووری سووریا كردووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل