لیژنەی رۆشنبیری: لە هەوڵی ئامادەكردنی یاسای رێكخستنی سۆشیال میدیا بەردەوامین

:: PM:11:41:10/08/2022 ‌

سۆشیال میدیا هەموو سنوورەكانی بڕیوە، كات و بیركردنەوەی تەواوی تاكەكانی كۆمەڵكەی بە هەموو تەمەن و رەگەزەكان داگیر كردووە، كاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەكانی ئەوەندە گەورەن، لە هەموو بوارەكانی ژیان رووداو و رای گشتی دروست دەكەن و ئاراستەیان دەكەن، بریاردەری لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، لە هەوڵی رێكخستنەوەی سۆشیال میدیا بە یاسا بەردەوامن.
هەر كەسێك بەپێی یاسا لە قسە و رەفتارەكانی بەرپرسیار بێت
موحسین دۆسكی، بریاردەری لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەلگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، چەند رۆژێكە هەڤاڵان و خەلكی دڵسۆزی كوردستان، لەسەر چەند بابەتێكی بێ سەر و بەری سۆشیال میدیا و پەخشی هەندێك لە كەناڵە ناوخۆیی و پەیج و ئەكاونتی هەندێك لە كەسە دیارەكانی كوردستان پێوەندی دەكەن و نامە دەنێرن.

زیاتر دەڵێت، هەندێك بابەت دەروژێنن و بڵاوی دەكەنەوە، كە دۆرن لە ئادابی گشتی و فەرهەنگی خەڵكی كوردستان دوورن و ئازاری دەروونی تاكەكانی كۆمەڵگەكەمان دەدەن، یەكێك لەو بابەتانە ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاو بوونەتەوە كە كچێك سەردانی خەڵك دەكا و هەندێك دەستەواژەی وەك، كەرخانە لە جیاتی كتێبخانە و ماچ و لە جیاتی ماسك و هتد، بەكار دێنێت، ئەم بەرنامانە لە زیانی رەوشی و فەرهەنگی و كولتووری زیاتر هیچ سوودی بۆ تاكی كۆمەلگە نییە و دوورە لە ئادابی گشتی خەڵكی كوردستان.

دۆسكی دووپاتی كردەوە، دەربارەی چەندان بابەتی لەم چەشنە، لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار لە حكوومەت هاوڕاین و بە هەموو شێوەیەك رەتیان دەكەینەوە و كاری رژدیان لەسەر دەكەین، چونكە ئەم بابەتانە ناچنە ناو پێناسە و چارچێوەی ئازادی رادەربڕین و ئازادی تاكەكەسی، جارێكی تر دووپاتی دەكەینەوە كە لە هەوڵەكانمان بۆ ئامادەكردنی یاسای رێكخستنی سۆشیال میدیا لە هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبین، بۆ ئەوەی هەر كەسێك بەپێی یاسا لە قسە و رەفتارەكانی بەرپرسیار بێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل