پێشبینی دەكرَی هەفتەی داهاتوو دواین شەپۆلی گەرما كاریگەریی بكاتە سەر هەرێمی كوردستان. بەپێی پێشبینییەكان ئەو شەپۆلە پلەكانی گەرما بە تەواوی بەرز دەكاتەوە.
هەرێمی كوردستان لە وەرزی هاویندا پلەكانی گەرما لە نێوان 38 بۆ 45 پلەیە، بەڵام لە هەندێك شوێن ئەو پلانە زیاتر بەرز دەبنەوە، بۆ ئەمساڵیش پێشبینی دەكرێ هەفتەی داهاتوو دواین شەپۆلی گەرما كاریگەرییەكەی دەست پێ بكات و گەرمای ئەمساڵ كۆتایی بێ.
نزمە پاڵەپەستۆی وەرزی گەرمای هیند لەسەر ناوچەكەمان چالاك دەبێت و پلەكانی گەرما دوو بۆ چوار پلە بەرز دەبێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی ئاب، ئازاد گۆڕان شارەزای كەشناسی، بە "وشە"ـی راگەیاند، ڕۆژی شەموو نزمە پاڵەپەستۆی وەرزی گەرمای هیند لەسەر ناوچەكەمان چالاك دەبێت و پلەكانی گەرما دوو بۆ چوار پلە بەرز دەبێتەوە.
زیاتر گوتی، بەرزترین كاتی گەرما لە نێوان 16 بۆ 18ـی ئاب دەبێت، هەروەها ئاستی شێ بەرز دەبێتەوە، پێشبینی دەكرێ پلەی گەرمای لە هەولێر 46 پلە، سلێمانی 45 پلە، دهۆك 45 پلە، كەركووك 47 پلە، گەرمیان 50 پلە بێت.
باسی لەوەش كرد، ئەگەر هەیە ئەم شەپۆلە گەرمییە كۆتا گەرمای بەتینی هاوینی ئەمساڵ بێت و لە ماوەكانی دواتردا پێشبینی ناكرێت پلەكانی گەرما بەم ئاستە بەرز ببنەوە، كاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆی گەرما كەم دەبێتەوە لەسەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان.
هەرێمی كوردستان ئەمساڵ پلەی گەرمای تا مانگی تەمووز بە تەواوی تێیدا بەرز نەبووەوە، تا ئاستێك لە بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما سەقامگیری بەخۆیەوە بینی.