دوای دوو ساڵ لە دادگایی و سەردانیان بۆ دادگا، دواجار دادگای سلێمانی بڕیاری كۆتایی لەسەر پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون دا و دانانی سكوریتی و كۆكردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاكی لە پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون بە نایاسایی ناو برد.
ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی ئاب، خەدیجە عەبدولجەبار ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە "وشە"ـی راگەیاند، وەك لیژنەی پلان و پڕۆژەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، لە دادگای كارگێڕی سكاڵایەكمان لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی پڕۆژەی نیشتەجێی شاری ئەوین یەكلا كرایەوە.
سكاڵاكەی لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی پڕۆژەی نیشتەجێی شاری ئەوین یەكلا كردەوە و بڕیاری كۆتایی لەسەر دا .
زیاتر گوتی، پێشتر سەردانی ئەو پڕۆژەیەمان كرد و بەناهەق پارەی خۆڵ و خاشاك لە دانیشتووانەكەی وەردەگیرا، بەبێ مۆڵەت سكوریتیان بۆ پڕۆژەكەیان دانابوو لەگەڵ هەبوونی چەندان كەموكوڕیی تر، دواتر لە ڕێی لیژنەكەمان و لایەنە پێوەندیدارەكانەوە، هەوڵی چارەسەركردنیانمان دا.
باسی لەوەش كرد، خاوەنی پڕۆژەكە لە جیاتی ئەوەی پابەندی بڕیارەكانی ئێمە بێت، بەپێچەوانەوە لە دادگا سكاڵای لەسەر ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا تۆمار كرد، ڕەخنەی لە بڕیارەكانمان گرت، لە پێناو ئەوەی كێشەی ناو پڕۆژەكە چارەسەر نەكات.
روونی كردەوە، دوای دوو ساڵ چاوەڕوانی، دادگای كارگێڕی سكاڵاكەی لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی پڕۆژەی نیشتەجێی شاری ئەوین یەكلا كردەوە و بڕیاری كۆتایی لەسەر دا .
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن گوتی، ئێستە پێویستە كۆمپانیا پابەند بێت بەو ڕێچارەسەرەی كە لیژنەكەمان و لایەنە پێوەندیدارەكان داوایان كردووە، پڕۆژەكە وەك گەڕەكێكی شاری سلێمانی سەیر بكرێت و نابێت هیچ بڕەپارەیەك بەناوی خزمەتگوزاری لە دانیشتووانەكەی وەربگیرێت، ئەوەشی وەرگیراوە بۆیان بگەڕێنێتەوە.