هەرچەندە حكوومەتی هەرێمی كوردستان خشتەی مووچەی مانگی تەمووزی وەزارەتەكانی بڵاو كردووەتەوە و رۆژانە لە كاتی خۆیدا بەپێی خشتەكە مووچە دەدرێت، بەڵام دوو رۆژە دابەشكردنی مووچە لە سلێمانی كێشەی تێكەوتووە و فەرمانگەكان لە كاتی چوونیان بۆ بانك، پێیان گوتراوە پارە نییه و بگەڕێنەوە.
دوێنێ چوارشەمبڕیار بوو مووچەی چەند وەزارەت و دەستەیەك دابەش بكرێت، بەڵام لە سنووری سلێمانی بەهۆی نەبوونی پارە لە بانكەكان و دواكەوتنی مووچەی وەزارەتەكانی كە لە خشتەكەدا لە پێشەوە بوون، مووچە نەدراوە بەو وەزارەت و دەستانە، ئەمڕۆش بڕیار بوو مووچەی ژمارەیەك وەزارەت بدرێت كە كشتوكاڵ و بازرگانی و سامانە سروشتییەكان و گواستنەوە و گەیاندن لە ناویاندا بووە، بەڵام لە سلێمانی دابەش نەكراوە.
بەڕێوەبەری یەكێك لە فەرمانگەكانی سەربە وەزارەتی بازرگانی لە سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ وەك لیژنەی مووچە چووینە بانك بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران وەربگرین كە لە خشتەكەدا رۆژی پێنجشەم11ی ئاب نۆرەی ئێمەیە، بەڵام لە بانك پێیان گوتین چاوەڕێ نەكەین، چونكە پارە نییە و مووچەتان دوا دەكەوێت.
باسی لەوەش كرد، بە دەستبەتاڵی رۆیشتین و بە دەستبەتاڵیش گەڕاینەوە، وادەش دیاری نەكراوە كە كەی پارەمان پێ دەدرێت و مووچەمان بۆ خەرج دەكرێت.
شێركۆ جەودەت ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، ئاگاداری دواكەوتنی مووچەین لە سنووری سلێمانی، پێشتر لەگەڵ بەڕێوەبەری نوێی لقی بانكی هەرێم لە سلێمانی دانیشتووین و ئەو باسی لەوە كردووە، داهاتی سنوورەكە كەمە بەراورد بە خەرجیی سنوورەكە، ئێستەش كە مووچە دواكەوتووە ئەوە هۆكارەكەیەتی.
لە ماوەی مانگەكانی رابردوودا چەندان جار دابەشكردنی مووچە لە سلێمانی گرفتی بۆ دروست كراوە و بانكەكان پارەیان تێدا نەماوە بۆ مووچەی وەزارەت و فەرمانگەكان، مووچە چەندان رۆژ دواكەوتووە، بەتایبەتی مووچەی خانەنشینانی شارستانی و پێشمەرگە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی