چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی به‌ خۆپێشاندان وه‌ڵامی موقته‌دا سه‌در ده‌داته‌وه‌

:: PM:02:04:11/08/2022 ‌
چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی سبه‌ی له‌ ناوچه‌ی سه‌وز خۆپێشاندان ده‌كات، له‌ كاتێكدا موقته‌دا سه‌دریش داوای له‌ لایه‌نگرانی كردووه‌ كه‌ خۆپێشاندانی ملیۆنی بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 11ی ئاب، به‌پێی ئه‌و ئاگه‌دارییه‌ی بۆ "وشه‌" له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی هاتووه‌، سبه‌ی 12ی ئاب له‌ سه‌عات پێنج، لایه‌نگرانی چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی له‌  ده‌وروبه‌ری ناوچه‌ی سه‌وز له‌لای "پردی موعه‌له‌ق" خۆپێشاندان ده‌كه‌ن.

بۆ ئەوەی لە ماوەی تا كۆتای هەفتەی داهاتوو پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە

له‌ بانگهێشتنامه‌كه‌دا هاتووه‌، له‌ ژێر ناوی گه‌ل پارێزگاری له‌ ده‌وڵه‌ت ده‌كات.

كه‌مێك پێش ئێسته‌ وه‌زیره‌كه‌ی سه‌در له‌ ڕێی پێگه‌ی فه‌رمیی خۆیه‌وه‌ له‌ فه‌یسبووك، داوا له‌ لایه‌نگرانی ره‌وته‌كه‌ی ده‌كات سبه‌ی هه‌ینی، جارێكی تر به‌شداری خۆپێشاندان بكه‌نه‌وه‌ و بڕژێنه‌وه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان له‌ هه‌موو پارێزگاكانی عێراق.

هاوكات دوێنێ موقتەدا سەدر لە تویتێكدا رای گه‌یاند، رەنگە بكوترێت كە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان پێویستی بە دانیشتنی پەرلەمان هەیە بۆ ئەوەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، نەخێر، پەرلەمان چەند فراكسیۆنێكی تیادایە دەستیان بە بەشبەشێنە و بەردەوامی لەسەر گەندەڵی گرتووە و ملكەچی داوای گەل بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان نابن، من دەڵێم هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەوەوە وابەستە نییە.


زیاتر گوتی، لێرەوە قسەكانم ئاراستەی لایەنە دادوەرییە تایبەتەكان، بەتایبەتی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەكەم، بەو هیوایەی رەوتەكە راست بكەنەوە، بەتایبەتی دوای كۆتاهاتنی وادە دەستوورییە دیاریكرداوەكان بۆ پەرلەمان بە دیاریكردنی سەركۆمار و راسپاردنی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی بەشبەشێنەیی، بەڵی رووی قسەكانم دەكەمە دادگای عێراق كە تا ئێستەیش چاوەڕوانی باشی لێ دەكەین، سەرەڕای گوشارە سیاسی و تەناهییەكان، بۆ ئەوەی لە ماوەی تا كۆتای هەفتەی داهاتوو پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، سەركۆماریش رابسپێرێت بۆ دیاریكردنی وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بەو مەرجانەی دواتر رایان دەگەیەنین.

سەدر روونی كردەوە، لەو ماوەیەیش شۆڕشگێڕان لە مانگرتن بەردەوام دەبن، و ئەگەر گەل نائومێد كرا هەڵوێستی تریان دەبێت، بۆیە داوای لە هەموو شوڕشگێڕان و فراكسیۆنی دەست لەكاركێشاوەی رەوتی سەدر و پەرلەمانتارانی تر دەكەین بە رێگەی یاسایی داوای فەرمی لە رێگەی لیژنەی سەرپەرشتیاری مانگرتنەكان پێشكەیش دادگای فیدراڵی بكەن، بۆیە ئێستە دادگا لە دووڕیاندایە و هیوادارین رەچاوی بەرژەوەندی گەل بكات و گوێ بە گوشارەكان نەدات، كە من دڵنیام زۆرێك لە دادوەران لە بەرەی گەلن و لەگەڵ چاكسازیدان. 


وشە - زریان تەها