كازمی نیگەرانە

:: PM:03:24:11/08/2022 ‌
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، نیگەرانیی خۆی بە دۆخی وڵاتەكەی پێشان دا و رای گەیاند، "بودجە نییە و شەڕ براوەتە سۆشیال میدیا، ئەی ئێمە چۆن پڕۆژە بكەین و قوتابخانە دروست بكەین"؟. 

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی ئاب، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران رای گەیاند، عێراق لە قۆناغی دوای هەڵبژاردن، رووبەڕووی كێشەیەكی سیاسیی راستەقینە دەبێتەوە و پێویستی بە چارەسەرە، چارەسەریش پێویستی بە گفتوگۆ و قوربانیدان هەیە.

سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی لەوە كردووە، ئەم حكوومەتە 28 مانگی بەسەر بردووە، ئەوەی جێی داخە لەم ماوەیەدا تەنیا بودجەی شەش مانگی هەبووە، كەواتە چۆن دەوڵەت دەتوانێت لە غیابی بودجەدا كار بكات؟"

گفتوگۆ تاكە چارەسەرە
دووپاتی لەوەیش كردووەتەوە كە بە قۆناغێكی سەختدا تێدەپەڕن، ئێستە لە مانگی هەشتی ساڵی 2022داین و هیچ بودجەیەك نییە، كەواتە چۆن قوتابخانە دروست بكەین، رێگەوبان قیرتاو بكەین و پڕۆژەی پێ دروست بكەین".

كازمی پێی وایە گفتوگۆ تاكە چارەسەرە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هیچ چارەسەرێكی ترمان نییە، بەڵام پەنابردن بۆ شێوازەكانی پەرەسەندنی میدیا، سۆشیال میدیا، بڵاوكردنەوەی ئاژاوە و بێزاری لەناو خەڵكدا، ئەمەش یارمەتیدەر نابێت لە بنیاتنانی ئەزموونی دیموكراسی مۆدێرن و دەبێت پشتیوانی سیاسیی راستەقینە بۆ حكوومەت هەبێت لەبری ناكۆكی سیاسی".

 ئاماژەی بەوەش دا كە "لایەن هەیە هەمیشە ململانێكان بەرەو حكوومەت دەگۆڕێت، حكوومەتیش هیچ پێوەندییەكی بەوەوە نییە، بەو پێیەی ئێمە حزب نین بۆ ململانێی سیاسی”.




وشە - وشه‌