وه‌زیری به‌رگریی به‌ریتانیا ڕای گه‌یاند، چه‌ندان سیستمی هاویشتنی مووشه‌كی به ئۆكرانیا ده‌دات كه ده‌توانێ ئامانجه‌كان بپێكێت له دووری 80 كیلۆمه‌تر.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 11ی ئاب، بێن واڵاس وه‌زیری به‌رگریی
به‌ریتانیا رای گه‌یاند، پێدانی چه‌ك بۆ ئۆكرانیا یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ به‌رگریكردن له خۆی له به‌رانبه‌ر تۆپخانه قورسه‌كانی رووسیا.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا گوتی، ئه‌م دوایین وه‌جبه‌ی پشتیوانیی سه‌ربازی، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی هێزه چه‌كداره‌كانی ئۆكرانیا به‌رده‌وام بن له به‌رگریكردن له ده‌ستدرێژییه‌كانی ڕووسیا و به‌كارهێنانی بێ جیاوازی تۆپخانه دوورمه‌وداكان.
ئاماژه‌ی كرد كه پاڵپشتی به‌رده‌وامی ئێمه، په‌یامێكی ڕوون ده‌نێرێت كه به‌ریتانیا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له دژی ئه‌م شه‌ڕه نایاساییه ده‌مێننه‌وه و یه‌كده‌گرن و هاوكاری سه‌ربازیی به‌رگریكارانه پێشكه‌ش به ئۆكرانیا ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی بدات له به‌رگریكردن له دژی له‌شكركێشییه‌كانی ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكی ڕووسیا.
به‌ریتانیا له مانگی ئایاری رابردوودا رای گه‌یاندبوو، بڕی یه‌ك ملیار و 300 ملیۆن پاوه‌ند (1.60 ملیار دۆلار)ی تر وه‌ك پاڵپشتی سه‌ربازی و هاوكاری پێشكه‌ش به ئۆكرانیا ده‌كات. هاوكات حكوومه‌تی به‌ریتانیا له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا مووشه‌كی دژه‌تانك و سیستمی به‌رگریی ئاسمانی و چه‌كی تری بۆ ئۆكرانیا نارد.
به گوته‌ی حكوومه‌تی به‌ریتانیا، به‌ڵێنه سه‌ربازییه‌كان به ئۆكرانیا، به‌رزترین ڕێژه‌ی خه‌رجییه‌كانی پێوه‌ست به ململانێیه له دوای جه‌نگه‌كانی عێراق و ئه‌فغانستانه‌وه، هه‌رچه‌نده ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و حیسابانه‌ی نه‌خستووه‌ته‌ڕوو.