سبەی سێ خۆپێشاندان لە بەغدا ساز دەكرێن

:: PM:04:42:11/08/2022 ‌

لە عێراق دۆخەكە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی هەر هێز و لایەن و هاوپەیمانیەتییەك گوێی خۆی داخستووە و هاوار دەكات، سیاسەتوانان دوای ئەوەی لە یەكتر بێئومێد و بێزار بوون، دەیانەوێ لە رێگەی شەقام و جەماوەرەوە پەیام بۆ یەكتر رەوانە بكەن و ماسولكەكانیان دەربخەن، بێ گوێدانە مەترسی ئەو هەنگاوەیان كە ئەگەر شەڕی لێ بكەوێتەوە، كۆتای شەڕەكە لە دەست خۆیان نابێت.

بڕیارە سبەی هەینی بەغدای پایەتەخت سێ خۆپێشاندانی دژ بە یەك بەخۆیەوە ببینێت، ئەوانیش لەلایەن لایەنگرانی رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هێزە مەدەنییەكان، خۆپێشاندانەكان لە ئامانج و دروشمەكانیان دژ بەیەكن، لەو كاتەی سەدرییەكان پاڵپشتی لە داوای موقتەدا سەدری سەكردەیان دەكەن و داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن، لایەنگرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای پاڵپشتیكردن لە پەرلەمان و دامەزراوە دەستوورییەكان دەكەن، هەرچی هێزە مەدەنییەكانن داوای گۆڕانكاریی سەرانسەری دەكەن.
مەدەنییەكان داوای گۆڕانكارییەكی فرەوانی دیموكراسی دەكەن
بڕیارە سبەی سەعات پێنجی ئێوارە لایەنگرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە نزیك پەرژینەكانی ناوچەی سەوز لە بەری پردی هەڵواسراو لە ناوەڕاستی بەغدا خۆپێشاندان ساز بكەن و پاڵپشتی خۆیان لە شەرعیەت و دامەزراوەكانی دەوڵەت دووپات بكەنەوە، داوای پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەت و رێگرتن لە پشێوی و شێواندنی دۆخەكە دەكەن.

هەرچی سەدرییەكانن، ساڵح محەمەد عێراقی وەزیرەكەی سەدر داوای لە لایەنگرانی رەوتەكەی كرد بۆ بەشداریكردن لە خۆپێشاندانێكی فرەوان لە هەموو پارێزگاكانی عێراق و رێنوێنی دایە مانگرتووان بەردەوام بن، ئەو لە تویتێك نووسیویەتی، پێویستە چاكسازیخوازەكان ئامادە بن و سەعات پێنجی سبەی هەینی هەر كەس لە پارێزگاكەی بەشداری لە خۆپێشاندانێكی فرەوان بكات، ئەوەیش بۆ دەمارگرتنی گەندەڵكاران كە بە ئێوە قەڵس دەبن، هەروەها بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی یاسایی و پێشكەیشكردنی بۆ دادگا بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان.  

بە هەمان شێوە كۆمەڵێك هێزە مەدەنییەكان، لە سەروویانەوەی حزبی شیوعی عێراقی و رەوت و رێكخراوە مەدەنییەكانیتر داوای خۆپێشاندانێكی فرەوانی جەماوەریان سبەی هەینی لە گۆڕەپانی فیردۆس لە ناوەڕاستی بەغدا كرد، ئەوان لە بەیاننامەیەكدا دووپاتیان لە گۆڕانكارییەكی دیموكراسی كردەوە و داوای خۆپێشاندانێكی فرەوانیان سبەی هەینی لە بەغدا كرد. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل