شوێنگرەوەی زەواهیری نزیكە لە ئێران.. رێكخراوی قاعیدە دەبێتە حزبوڵایەكی تر؟

:: PM:06:29:11/08/2022 ‌

لە ماوەی دواییدا جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا وەك دەسكەوتێكی گەورەی ئیدارەكەی كوژرانی ئەیمەن زەواهیری، سەركردەی رێكخراوی قاعیدەی لە هێرشێكی ئاسمانی وڵاتەكەی لە ئەفغانستان راگەیاند، ئەگەرچی وردەكاریی هێرشەكە هێشتا بە تەواوی ئاشكرا نەبووە، بەڵام رێكخراوی قاعیدە ددانی بە كوژرانی زەواهیری داناوە و بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی داوە.

هیشام نەجاڕ، نووسەری میسری لە وتارێكیدا رووناكی دەخاتە سەر قۆناغی داهاتووی دۆخی رێكخراوی قاعیدە، بەتایبەتی رۆڵی ئێران لە دیاریكردنی سەركردەی نوێ و كاریگەری ئەوەیش لەسەر سیاسەت و شێوازی كاری ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە، كە شێوازی جیهادی و تەقاندنەوەی لەناو بزاوە ئیسلامییەكان زیندوو كردەوە و وای كرد رێكخراوی داعش و دەیان رێكخراوی تری توندڕۆ لە هەناو و هزری ئەوەوە لە دایك ببن.
ئێران هەوڵ دەدات هاوپەیمانیەتییە ئایدۆلۆجییەكەی لە بەرانبەر بە ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە بەهێز بكات
نەجار ئاماژە دەكات، ئێران هەوڵی دیاریكردنی سەركردەیەكی نزیك لە خۆی لە شوێنی ئەیمەن زەواهیری، سەركردەی كوژراوی قاعیدە دەدات، ئەوەیش بۆ بەهێزكردنی پێوەندییە بەرژەوەندخوازەكانی، كاتێك تاران پارێزی بۆ سەرانی رێكخراوەكە لە بەرانبەر هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا دابین كرد، هاوكات خۆیشی لە هێرشی ئەو رێكخراوە پاراست، جیا لەوە سوودی زۆری لە هێرشی ئەو رێكخراوە لە ناوچەكە بینی. 

دوای كوژرانی زەواهیری، پرسی بوونی پێوەندی تاران و رێكخراوەكە هاتەوە بەرباس، كاتێك دیارترین كاندید بۆ شوێنگرتنەوەی زەواهیری لە ئێران دادەنیشێت، كە بەپێی زانیارییەكان سەیف عەدل، فەرماندەی سەربازی قاعیدە و عەبدورەحمان مەغریبی، ناسراو بە "محەمەد ئاباتی"، كە زاوای زەواهیرییە و وەك رێوی رێكخراوەكە وەسف دەكرێت، هەردووكیان لە ئێران دەژین.

پێوەندییەكانی ئێران و قاعیدە لە سەردەمی زەواهیری بە دوو ئاراستە پەرەسەندنی بەخۆیەوە بینی، یەكەم هاریكاریی سەربازی، لە دیارترین نیشانەكانی مانەوەی سەیف عەدل، سەركردەی سەربازی قاعیدە لە ئێران بێ گرتن و ئازاردانی، بۆیە مامەڵەی جیاوازی تاران لەگەڵ هەندێك لە سەرانی بەهێزی رێكخراوەكە لە دوای هێرشی 11ی سێپتێمبەری 2001 و حەوانەوەیان لە ئێران، لەوانەیش سەیف عەدل، ئاماژەیە بۆ بوونی لێكگەیشتن لەگەڵ ئێران.

هۆكاری ئەو مامەڵە جیاوازەی ئێران لەگەڵ سەیف عەدل، بەهۆی پێوەندییەكانیەتی لەگەڵ فەرماندەی میلیشیاكانی ئێرانی وەك حزبوڵای لبنانی لە نەوتەكانی سەتەی رابردوو، كە وەك ئامادەسازییەك بوو بۆ كردە تیرۆریستییەكانی قاعیدە لە دژی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و رۆژئاوا، ئەوكات بڕگەكانی رێككەوتنی قاعیدە و سوپای پاسدارانی ئێران لە تاران بۆ پاڵپشتیكردنی دارایی و سەربازی رێكخراوەكە جێبەجێ كرا.

دوای ئەوە سەیف عەدل، كە وەك بەرپرسی دۆسییەی پێوەندییەكانی قاعیدە و ئێران دیاری كرا، لەگەڵ كەسانیتر لەسەر دەستی عیماد موغەنییە، كارامەترین سەركردەكانی حزبوڵای لینانی لە سەربازگەیەكی ئەو حزبە لە دەشتی بیقاع لە رۆژهەڵاتی لینان مەشقیان پێ كرا.

بەپێی راپۆرتەكان هەواڵگری پێوەست بە هێرشەكانی 11ی سێپتێمبەر، ژمارەیەك لە ئەندامە دیارەكانی ریبَكخراوەكە بەرەو ئێران و لبنان چوون بۆ مەشقكردن لەسەر دروستكردنی تەقەمەنی، ئەوان لەلایەن فەرماندە سەربازییەكانی حزبوڵاوە رێنوێنی كران، جیا لەوە ژمارەیەك لە رفێنەرانی سەر بە قاعیدە، ئەوانیش لە رێگەی ئێرانەوە گەشتیان كرد، بۆیە هەردوولا سوودیان لەو هاریكارییە بینی لە پڕۆژەكانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی دوژمنە هاوبەشەكانیان، بەتایبەتی ئێران كە ناراستەوخۆ ئامانجەكانی لەلایەن قاعیدەوە دەهاتە دی. 

بوونی چەند كەسایەتییەكی دیاری رێكخراوی قاعیدە لە ئێران، لە سەروویانەوە سەیف عەدل كە لە 2001ەوە لە ئێرانە و یەكێكە لە شوێنگرەوە گریمانكراوەكانی زەواهیری، رووناكی خستە سەر ئەو ئاستەی پێشبینی دەكرێت پێوەندیەكانی تاران و قاعیدە پێی بكات، لە سایەی خواستی هەردوولا بۆ پەر ەسەندنی پێوەندییەكان لە پێناو بەرژەوەندییەكانیان و رووبەڕووبوونەوەی تەنگژەكانی ئێستەیان.

لەلایەكی تر ئێران هەوڵ دەدات هاوپەیمانیەتییە ئایدۆلۆجییەكەی لە بەرانبەر بە ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە بەهێز بكات، ئەوەیش لە رێگەی سەرهەڵدانی حاڵەتێكی جیهادی سوننە كە رێكخراوی قاعیدە و هەردوو بزاوی حەماس و جیهادی ئیسلامی فەلەستینی و گرووپی ئیخوان لە خۆی بگرێت.

لە سۆنگەی سووربوونیشی بۆ لەدەست نەدانی كارتی قاعیدە و بەردەوامبوونی لە جووڵاندنەوە و كۆنترۆلكردنی كردە تیرۆریستییەكانی بە شێوەیەكی نادیار بۆ بەرژەوەندی خۆی، دیارە ئێران سووربوونی زیاترە لەسەر ئەوەی یەكێك لە فەرماندەكانی قاعیدەی لەسەر خاكەكەی ژیاون بكاتە شوێنگرەوەی زەواهیری، بۆیە دانانی سەیف عەدل، بەهێزكردنی هاوكاری هەردوولایە و كردنی قاعیدەیە بە رێكخراوێكی زیاتر پراگماتی و هاوشێوەی حزبوڵای لبنانی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل